رووداو دیجیتاڵ
شڤان محەممەد، هاونیشتمانییەکی تەمەن 35 ساڵی خەڵکی شاری سلێمانی، دوو ساڵە لە رێگەی گەیشتن بە ئەورووپا بێ سەروشوێنە. خێزانەکەی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بە هەوڵێکی جیدی شوێن و چارەنووسی بدۆزنەوە.
نینا محەممەد، خوشکی شڤان بە رووداوی گوت، "براکەم لە 23ی تەممووزی 2024 دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵمان کرد و گوتی: لەگەڵ 12 کەسی دیکەی کورد بەرەو بولگاریا بەڕێدەکەون و دوای 35 کاژێر پەیوەندیمان پێوە دەکاتەوە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێکمان لێی نییە."
بە قسەی نینا محەممەد، یەکێک لە هاوڕێکانی براکەی رایگەیاندووە، شڤان و هاوڕێکانی دەستگیرکراون و دیپۆرت کراونەتەوە.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی، ئەگەر بەو جۆرە بێ، براکەی لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراوە و "گومان دەکەین وەک قاچاخچی لەقەڵەم درابێت."
خوشکەکەی شڤان دەڵێت بۆ دۆزینەوەی شوێنی براکەی پارێزەریان گرتووە تاوەکو لە تورکیا بەدوایدا بگەڕێت، هەروەها باوکی سەردانی تورکیای کردووە، بەڵام هەموو هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون.
نینا محەممەد بۆ ناساندنی براکەی گوتی، "شڤان 12 تەقەڵ لە قاچی چەپیدایە. لە منداڵییەوە، کاتێک لە سەربان کەوتە خوارەوە، ئەم نیشانانەی لەسەر ماونەتەوە."
نینا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا و بولگاریا هاوئاهەنگی بکات بۆ دۆزینەوەی شوێن و دیاریکردنی چارەنووسی.

.jpeg&w=3840&q=75)

