رووداو- رادیۆ
دانیشتووانی گەڕەکی شەهیدان لە شاری هەولێر، بەتایبەتی ئەو ماڵانەی دەکەونە پشت هۆتێل (ڤان رۆیاڵ) رووبەڕووی بێ کارەبایی بوونەتەوە. هاونیشتمانییان دەڵێن، بێ کارەبایی ژیانی نەخۆش و منداڵانی ساوای خستووەتە مەترسییەوە و داوا دەکەن زوو کێشەکەیان چارەسەر بکرێ.
هێمن محەممەد، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی شەهیدان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند، شەوی چوارشەممەی رابردوو هەر سێ مۆلیدەکەی گەڕەکەکە گڕیان گرت و لەکارکەوتن.
هێمن محەممەد گوتی: "لەو کاتەوە هیچ مۆلیدەیەکی نوێ دانەنراوە. زۆر بێزارین، چونکە لەم گەرمای هاوینەدا کارەبای نیشتمانی زۆر خراپە و نەخۆش و منداڵی ساوایشمان هەیە کە بەرگەی ئەم گەرمایە ناگرن."
ئەم هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، کارەبای نیشتمانی زۆر خراپ بووە و رۆژانە لە کاژێر 8:30ـی بەیانی تاوەکو 5ـی ئێوارە دەبڕدرێ. هێمن محەممەد دەڵێت: "داوامان لە پڕۆژەی رووناکی کردووە وەک هاوکارییەک،کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانیمان بۆ زیاد بکەن، تاوەکو مۆلیدەکان چاک دەکرێنەوە، بەڵام وەڵاممان نەدراوەتەوە. شەوانەش کە کارەبای نیشتمانی دێتەوە، وەک ترافیک لایت وایە و بەردەوام دەکوژێتەوە."
بە گوتەی دانیشتووانی گەڕەکی شەهیدان، زیاتر لە 5 تاوەکو 6 رۆژە بێ کارەبان و کاتێک سەردانی پارێزگایان کردووە، بەڵێنی چارەسەرکردنی گرفتەکەیان پێدراوە. ئەوان داوا دەکەن حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی کاتی مۆلیدەیان بۆ دابین بکەن، وەک چۆن لە گەڕەکەکانی دیکە لە کاتی سووتانی مۆلیدەدا بە زوویی چارەسەری بۆ دەکرێ.
لایەنی پەیوەندیدار دەڵێ، خەریکی چارەسەرکردنی کێشەکەن. خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بۆ رووداو پشتڕاستی کردەوە کە ئاگاداری لەکارکەوتنی ئەو مۆلیدانەن. خۆران خۆرانی رایگەیاند: "مۆلیدەکان گڕیان گرتووە و ئێمە لەگەڵ خاوەن مۆلیدەکە لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی کێشەکە چارەسەر بکەین،" بەڵێنی دا کە تیمەکانیان هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکو بە زووترین کات کارەبا بۆ دانیشتووانی گەڕەکی شەهیدان بگەڕێننەوە.



