رووداو- رادیۆ
بڕیاری گواستنەوەی خوێندنگەیەک لە ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ نارەزایەتیی خوێندکاران و کەسوکاریانی لێکەوتەوە، بەڵام دوای بەدواداچوونی رادیۆی رووداو، بڕیارەکە بۆ ئەم ساڵی خوێندن راگیرا.
بڕیاربوو خوێندکارانی خوێندنگەی (پێشکەوتن)ی زانستی لە ناحیەی تەکیە بگوازرێنەوە بۆ خوێندنگەی (وەفایی)، هەروەها قوتابخانەکە ببێتە تێکەڵ. کەسوکاری خوێندکاران پەیوەندییان بە رادیۆی رووداوەوە کردووە و گوتیان، شوێنەکە دوورە و بەهۆی بارودۆخی خراپی داراییەوە، توانای دابینکردنی کرێی هاتووچۆی منداڵەکانیان نییە.
دایکی خوێندکارێک لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە باسی لە گرفتەکانیان کرد و گوتی: "زۆربەی خوێندکارانی ئەم ناوچەیە کەمدەرامەتن؛ گواستنەوەی خوێندنگەکە بۆ شوێنێکی دوورتر، وا دەکات بە پێ نەتوانن برۆن و پێویستیان بە ئۆتۆمبێل بێت."
بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە: دوای گوێگرتن لە کەسوکاری خوێندکاران بڕیارەکە راگیرا
ئومێد لەتیف، بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو گوتی، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەری کەسوکاری خوێندکاران و بەڕێوەبەری پەروەردە و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، گرفتەکە چارەسەر کراوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی تەکیە گوتی: "کەسوکاری خوێندکاران داوایان کردبوو ئاڵوگۆڕی خوێندنگەکان رابگیرێت، چونکە هاتووچۆیانی زەحمەت دەکرد. ئێمەش نووسراومان ئاراستەی پەروەردە کرد و بەڕێوەبەری پەروەردە و سەرپەرشتیاران بە سوپاسەوە داواکارییەکەیان قبووڵ کرد. بڕیاری گواستنەوەکە بۆ ئەم ساڵی خوێندن راگیرا و خوێندنگەکە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە."



