رووداو- رادیۆ
لە ناحیەی قەسرۆک و سنووری قەزای شێخان، زیاتر لە دوو ساڵە پسوولەی کارەبا بۆ بەشێک لە بیرە کشتوکاڵییەکان نەگەڕاوەتەوە و پێوەرەکانیان نەخوێندراونەتەوە. ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی قەرزێکی زۆر لەسەر جووتیاران و مەترسیی بێبەشبوونیان لە بڕیاری داشکاندنی قەرزی کارەبا.
قائید ئەحمەد، جووتیارێکی نیشتەجێی سنووری ناحیەی قەسرۆک، لە رادیۆی رووداو باسی گرفتەکەی کرد و گوتی: "لە ساڵی 2023ـوە پسوولەی کارەبای بیرە کشتوکاڵییەکەم بۆ نەهاتووە و کارەبای بەکارهاتووی پێوەرەکەم تۆمار نەکراوە تاوەکو داخیلی سیستم بکرێت. ئێستا زیاتر لە پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار قەرزارم و دەمەوێ لە داشکاندنی قەرزی کارەبا سوودمەندبم."
قائید ئەحمەد روونیکردەوە، چەندین جار سەردانی فەرمانگەکانی کارەبای شێخان و دهۆکی کردووە بۆ ئەوەی پێوەرەکەی بپشکنرێت و پارەکەی بدات تاوەکو لە بڕیاری داشکاندن سوودمەند بێت، بەڵام پێیان گوتراوە کە سیستمەکە وەستاوە یان دەستکاری ناکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کێشەیە تەنیا لە هاوبەشانی کشتوکاڵی نییە، بەڵکو هاوبەشی ماڵەکانیش بۆ چەندین مانگە پسوولەیان بۆ نەگەڕاوەتەوە.
بەڕێوەبەری کارەبای شێخان: ئاستەنگی هاتووچۆ هۆکارە و دەرگامان واڵایە بۆ چارەسەر
نافیع مستەفا، بەڕێوەبەری کارەبای قەزای شێخان، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو روونکردنەوەی لەسەر هۆکاری نەگەڕانەوەی پسوولەکان دا و گوتی: "هەندێک جار ژمێرکاران ناتوانن بگەنە بیرەکان، بەهۆی داخرانی دەرگای بیرەکە و خراپیی رێگەوبان لە وەرزی زستاندا، یان دووریی شوێنەکە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندنەوە بۆ پێوەرەکە نەکرێت و پسوولەی بۆ دەرنەچێت."
سەبارەت بە چارەسەری گرفتەکە و سوودمەندبوونی جووتیاران لە داشکاندنی پارەی کارەبا، بەڕێوەبەری کارەبای شێخان گوتی: "داوا لەو هاووڵاتییە و هەر کەسێک کە کێشەی هاوشێوەی هەیە دەکەین سەردانی فەرمانگەکەمان بکات. تیمێکی ژمێرکار دەنێرین بۆ خوێندنەوەی پێوەرەکەی و داخیلکردنی بۆ ناو سیستمەکە تاوەکو پسوولەکەی بۆ دەربچێت و بتوانێت پارەی کارەباکەی بدات."



