رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 33 کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە بەڕێدەکەون و بەیانیی رۆژی دووشەممە دەگەنەوە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، ئەمڕۆ یەکشەممە 6ی ئەیلوولی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "فڕۆکەی کۆچبەران کاژێر 8:00ـی ئێوارەی یەکشەممە بە کاتی تەرابلوس بەڕێ دەکەوێت و بڕیارە کاژێر 5:00ـی بەیانیی سبەی دووشەممە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بنیشێتەوە".
بە گوتەی کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، باڵیۆزخانەکەیان و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورەیان لە هاوئاهەنگیکردن و گەڕانەوەی کۆچبەرەکاندا هەبووە، هەروەها بلیتەکانی فڕۆکەیان بۆ دابین کردوون بۆ ئەوەی بارگرانیی دارایی لەسەر شانی کەسوکاریان کەم ببێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی کۆمەڵێک هاونیشتمانی لە لیبیا گەیشتە حکومەت، مەسرور بارزانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی راسپارد کە بەپەلە رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ دۆزینەوە، رزگارکردن و هێنانەوەیان. تەواوی مامەڵە یاساییەکانی ئەو 33 هاونیشتمانییە تەواو بووە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگەیێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بە دۆخی سەختی ئەو گەنجانە کرد و رایگەیاند، هەندێکیان بۆ ماوەی هەشت مانگ لە بەندینخانەکانی لیبیادا بوون و لەو ماوەیەدا بەردەوام رووبەڕووی مەترسیی مردن بوونەتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە هۆشداریی دایە گەنجان و خێزانەکانیان و باسی لە گرنگیی خۆپارێزی لە کۆچی نایاسایی کردەوە. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم جۆرە کۆچە نەک هەر مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی پێشێلکاریی یاسایی وڵاتانی دیکە و لێپرسینەوەی تووندی یاسایی بەدوادا دێت."
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی 302 کۆچبەری نایاسایی لە بارودۆخی جیاواز رزگار بکات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان. لە چەند رۆژی داهاتووشدا ئەو 33 کۆچبەرەی دیکە دەگەنەوە ناو خێزانەکانیان.



