رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی گەرمیان، لەبەردەم ئەرکێکی سەختدایە و بەدەست کورتهێنانی میلاک و ئامێری پێویستەوە دەناڵێنێت. لە کاتێکدا سنووری ئیدارەکە 5 قەزا و 12 ناحیە لەخۆ دەگرێت، تەنیا 11 فەرمانبەری میلاک و یەک گرێدەر ئەرکی پاراستنی رێگەوبانەکانی ئەو سنوورە فراوانەیان لەسەر شانە. لایەنی پەیوەندیدار هۆشداری دەدات کە رێگە ستراتیژییەکانی وەک دەروازەی سنووریی پەروێزخان پێویستیان بە چاککردنەوەی بەپەلەیە.
ئەندازیار لوقمان عوسمان، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی گەرمیان، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو و رایگەیاند، دۆخی رێگەوبانەکان بە گشتی لە سنوورەکەدا لە ئاستێکی "ناوەند"دایە. ئاماژەی بەوە کرد، هەندێک رێگەی وەک (کەلار - دەربەندیخان) و (کەلار - کفری) باشن، بەڵام رێگە سەرەکییەکانی بەرەو هەولێر، کەرکووک و چەمچەماڵ زۆر خراپ بوون.
ئەو دەڵێت: "رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان کە شادەمارێکی ئابووریی هەرێمی کوردستانە، زۆر خراپە و سەرەڕای پێشنیازەکانمان، تاوەکو ئێستا وەڵاممان بۆ چاککردنی وەرنەگرتووە."
سەبارەت بە کارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کە لە ساڵی 2022ـەوە دامەزراوە. لوقمان عوسمان روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا 40 پڕۆژەیان بە بڕی 1 ملیار و 271 ملیۆن دینار لەسەر پێشینەی بەردەوام جێبەجێ کردووە کە زۆربەیان بۆ رێگەی گوندەکان بووە.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، پێنج پڕۆژەی دیکەیان بە بڕی دوو ملیار دینار لەبەردەستدایە لەسەر بودجەی ئاسایی بەڕێوەبەرایەتی، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانیان سست بووە.
یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان، کەمبوونی داهات و بودجەی پێویستە. بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵێ، داهاتی وێستگەکانی کێشان کە پێشتر هاوکارێکی باش بووە، لە ئەم ساڵدا زۆر کەم بووەتەوە و مانگانە تەنیا 4 بۆ 5 ملیۆن دینار وەردەگرن کە تەنیا بەشی مووچەی کارمەندانی کرێی رۆژانە دەکات.
لوقمان عوسمان، تیشکی خستە سەر گرفتێکی دیکەی بەڕێوەبەرایەتییەکەی و گوتی: "ئێمە سنوورێکی زۆر فراوانمان لە ئەستۆدایە، بەڵام 11 فەرمانبەر، یەک گلێدەر و تەنیا یەک ئامێری شۆفڵ، خزمەتی نزیکەی 5 قەزا و 12 ناحیە دەکەین. حکومەت پێشتر هەوڵیدا 4 ئامێری نوێمان بۆ دابین بکات، بەڵام بەهۆی قەیرانەوە نەکرا."
بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی گەرمیان داوا لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ئاوڕێکی جیدی لەم سنوورە بدەنەوە. لوقمان عوسمان، جەختی کردەوە کە بەبێ دابینکردنی ئامێری مۆدێرن و زیادکردنی ژمارەی فەرمانبەران، ناتوانن بەشێوەیەکی ئاسایی ئیش و کارەکانی فەرمانگەکەیان بەڕێوە بچێت، بەتایبەتی لە کاتی لافاو و وەرزی زستاندا کە هەندێ جار رێگەی گوندەکان دادەخرێن.



