رووداو دجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی فایدە لە پارێزگای دهۆک رایدەگەیێنێت، پلانیان هەیە 10 هەزار دۆنم زەوی بخەنە ناو ماستەرپلانی نیشتەجێبوونەوە کە لە 25 هەزار پارچە زەوی پێکدێت. دەشڵێت، بەهۆی کەمیی زەوی لە دهۆک، نزیکەی 20 هەزار فۆرمی فەرمانبەرانی ناوەندی شار بۆ ئەوان گوازراوەتەوە.
محەممەد رەمەزان، سەرۆکی شارەوانیی فایدە لە پارێزگای دهۆک، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بە باشی بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا نزیکەی 10 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون، کە زۆربەیان رەزامەندیی پێشتریان هەبووە. گوتیشی: "تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا 6000 پارچە زەویمان لە سنووری شارەوانیمان دابەش کردووە."
سەبارەت بەو فەرمانبەرانەی لە ساڵی 2024 فۆرمیان پڕکردووەتەوە، سەرۆکی شارەوانی ئاشکرای کرد کە ئێستا 2500 پارچە زەوی نوێ ئامادەن. محەممەد رەمەزان گوتی: "نزیکەی 5500 فۆرمی نوێ لە سنووری فایدە گەیشتوونەتە دەستمان، بەڵام بڕیارە 20 هەزار فۆرمی دیکەی فەرمانبەرانی ناوەندی دهۆکیش رەوانەی لای ئێمە بکرێن، چونکە لە ناو شاری دهۆک زەوی پێویست بۆ دابەشکردن بەردەست نییە."
بۆ پڕکردنەوەی ئەم خواستە زۆرە، شارەوانیی فایدە داوای 10 هەزار دۆنم زەوی کردووە بۆ ئەوەی بخرێتە ناو ماستەرپلانەوە. سەرۆکی شارەوانی گوتی: "ئەگەر رەزامەندی لەسەر ئەم رووبەرە بدرێت، نزیکەی 25 هەزار پارچە زەوی لێ دەردەچێت؛ ئەمەش نەک تەنیا کێشەی فەرمانبەرانی فایدە، بەڵکو کێشەی نیشتەجێبوونی دهۆکیش تاوەکو ئاستێکی زۆر چارەسەر دەکات."
محەممەد رەمەزان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا سەرقاڵی چارەسەرکردنی هەندێک گرفتی یاسایی و بابەتی تاپۆ و قەرەبووکردنەوەی جووتیارانن. پێشبینیشی کرد لە ماوەی مانگێکی دیکەدا سەرجەم رێکارەکان یەکلایی بکرێنەوە و زەوییەکان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و میلاکی بەغدا و تەنانەت مووسڵیش ئامادە بکرێن.


