رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوای لە ئەندامانی پەرلەمان کرد، سبەی ئامادەبن بۆ کۆبوونەوە. یەکێتی، نەوەی نوێ و یەکگرتوو بڕیاری کۆتاییان نەداوە و هەڵوێست دەڵێت بەشداری ناکەن.
دکتۆر ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە 03-11-2026 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بانگهێشتی سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکەن بۆ دانیشتنی پەرلەمان.
هەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "بانگهێشتی گشت ئەندامە بەڕێزەکانی پەرلەمان دەکەین بۆ تەواوکردنی بڕگەکانی دانیشتنی (یەکەم)ی خولی پاییزەی ساڵی یەکەم لە خولی هەڵبژاردنی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان - عێراق، لە کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆ، رۆژی چوارشەممە 04-11-2026، تکایە لە کاتی دیاریکراودا ئامادەبن".
بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەبێت 50+1 ئامادە بن، واتا 51 پەرلەمانتار، پارتی 39 کورسیی بەدەستهێناوە و پەرلەمانتارەکەی سۆسیال دیموکرات رایگەیاندووە ئامادە دەبێت، هەروەها بڕیارە بەشێکی پێکهاتەکان ئامادەبن و ناوی سێ پەرلەمانتاری یەکێتی و نەوەی نوێش دەهێندرێ بەشداری کۆبوونەوەکەن، یەکێکیان هەردی سەڵاحە و ئەمڕۆ بە فەرمی کشانەوەی لە فراکسیۆنی یەکێتی راگەیاند، ناوی دوو پەرلەمانتاری نەوەی نوێش دەهێندرێت بەشداری بکەن، بەڵام فراکسیۆنەکەیان دەڵێت: "ناڕاستە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی، داوا دەکەن سبەی چوارشەممە هەموو پەرلەمانتاران لە هۆڵی پەرلەمان ئامادەبن بۆ کۆبوونەوەی تەواوکاری رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەم.
هەڵوێستی لایەنەکانی دیکە
یەکێتی بە فەرمی هەڵوێستی رانەگەیاندووە، بەڵام دوو پەرلەمانتاری حیزبەکە بە رووداویان گوت، ئاگادار نەکراونەتەوە کە سبەی بەشداری دەکەن یان نا.
ئازاد حەمەئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، بەفەرمی ئاگادار نەکراونەتەوە لەلایەن حیزبەکەیانەوە کە سبەی بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن یان نا.
پەرلەمانتارێکی دیکەی فراکسیۆنی یەکێتیی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمەش لە میدیاکانەوە بینیمان پارتی داوای کۆبوونەوە دەکات، بۆ بەشداربوون و نەبوون چاوەڕوانی هەڵوێستی سەرووی خۆمانین، کە تاوەکو ئێستا بۆ بەشداربوون یان نەبوون ئاگاداریان نەکردووینەتەوە".
هەروەها عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێست، لەکاتی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "ئەگەر سبەی پەرلەمان کۆببێتەوە یەکەم کار بیکەن دەبێت دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێرن، کە پەیوەستە بە پۆستەکانی دەسەڵاتەوە، ئێمەش بڕیارمانداوە ئۆپۆزیسیۆن بین، ئەرکی ئۆپۆزسیۆنیش نییە دەنگ بە دەستەی سەرۆکایەتی بدات".
سەرۆکی رەوتی هەڵوێست گوتیشی: "ئێمە نابینە بەشێک لە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و دەستەکەش بەشێکە لە حکومەت. پێویستە هەژماری (نیساب)ی یاسایی هەبێ، ئێمە بەشداری دەنگدانەکە ناکەین، ئەگەر بشچینە کۆبوونەوەوە هەر دوو خولەک لەوێ دەبین، چونکە دەبێت راستەوخۆ هەڵبژاردن بکرێت و ئێمەش بەشداری هەڵبژاردن و دانیشتنەکەش ناکەین".
هەروەها مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە راگەیاندنەکانەوە زانیمان، هیچ قسەمان لەسەر نەکردووە لەنێوخۆمان، چونکە کتوپڕ بووە داواکردنی کۆبوونەوەی سبەی".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی، دەبێت سەرۆکی بەتەمەنی پەرلەمان 48 کاژێر پێش کۆبوونەوە پەرلەمانتاران ئاگادار بکاتەوە و ئەوان ئاگادار نەکراونەتەوە، بۆیە لە داهاتوودا گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەکان دەکەن.
کێی دیکە بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن؟
ئەوەی تاوەکو ئێستا یەکلایی بووەتەوە 39 پەرلەمانتاری پارتی، پەرلەمانتارەکەی سۆسیالیست و سێ پەرلەمانتاری پێکهاتەکان بەشداری لە دانیشتنەکە دەکەن، واتە 43 پەرلەمانتار، بەڵام سەرچاوەیەک لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوو پەرلەمانتاری نەوەی نوێ و هەردی سەڵاح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
هەردی سەڵاح لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە ئەمڕۆوە هیچ پەیوەندییەکم بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە نەماوە و وازم لە یەکێتی هێنا، بەهۆی بێوەفایی و بێبەڵێنی و بێهەڵوێستییەوە باوەڕم نەما".
ئەو پەرلەمانتارە بێ ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی سبەی کە بەشدار دەبێت یان نا رایگەیاندووە: "لێرە بەدواوە وەکو پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بەردەوام دەبم و هەر شتێک لە خزمەتی کوردستان و خەڵکەکەی بێت ئەوە دەکەم".
لەبارەی پەرلەمانتارەکانی نەوەی نوێ کە ناوی دوو کەس دەهێندرێت گۆران دیبەگەیی پەرلەمانتاری جووڵانەوەکە بە رووداوی گوت: "راست نییە و بۆ بەشداربوون و بەشدارنەبوون چاوەڕوانی بڕیاری فراکسیۆن و جووڵانەوەکەمانین، کە تاوەکو ئێستا بڕیاری نەداوە و هەر بڕیارێک بداتە پێیەوە پابەند دەبم".
هەروەها بەرپرسێکی باڵای نەوەی نوێ بە رووداوی گوت: "ناڕاستە و هەمووی بەدرۆ دەخەینەوە و هیچ پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنەکەمان بەشداری ناکات بێ فەرمانی سەرووی خۆمان".
لەبارەی بەشداربوونی فراکسیۆنەکەیانەوە ئەو بەرپرسەی نەوەی نوێ گوتی: "تاوەکو ئێستا بڕیارمان نەداوە کە سبەی وەکو فراکسیۆن بەشداری دەکەین یان نا، دواتر هەڵوێستمان روون دەبێ".
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 02-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە.
لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستاندا، دەرگەی خۆبەربژێرکردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی کرایەوە و هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەوەی نوێ و پێکهاتەکان بەربژێری خۆیان تۆمار کرد.
بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان دوو بەربژێری هەبوون، ئەوانیش ڤالا فەرید و هەڵگورد شێخ نەجیب.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بە هەمان شێوە دوو کەسی بۆ پۆستەکە بەربژێر کرد، کە میران محەممەد و شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ بوون. نەوەی نوێش بەربژێرێکی بۆ سەرۆکی پەرلەمان هەیە، کە کوردەوان جەمالە.
بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەکە لە بەهجەت عەلی و مەرد عەلی رەسووڵ لە پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد حەمەساڵح و ئازاد حەمەئەمین لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها عەدنان حوسێن لە نەوەی نوێ خۆیان بەربژێر کرد.
بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمانیش لە یەکێتی شیرین یونس و شلێر غەفوور، هاڤین سەعید لە پارتی، سەوسەن کاکەمەند لە نەوەی نوێ، نەجدەت نووری پێکهاتەی تورکمان لە سلێمانی و رامی نووری لە پێکهاتەی کریستیانەکان لە هەولێر، بەربژێرن.
بەگوێریە دیوانی پەرلەمانی کوردستان بۆ رووداو: "بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، جارێکی دیکە دەرگەی خۆپاڵاوتن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ناکرێتەوە و دەبێت ئەوانەی خۆیان بەربژێر کردووە، یەکێک لەوانە هەڵبژێردرێت بۆ پۆستەکانی سەرۆک، سکرتێر و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان".
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، کورسیی حیزبەکان بەمشێوەیە بوو:
پارتی دیموکراتی کورستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
هەڵوێست: 4 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
سۆسیال دیموکرات: 1 کورسی
پێکهاتەکان: 5 کورسی
کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی (دووانیان سوێندی یاساییان نەخواردووە و دەڵێن بەشداری ناکەن)

