رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە شەش ساڵە هەزاران پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەداری وەزارەتی پێشمەرگە پاداشتی کۆتایی راژەیان بۆ خەرج ناکرێت، بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگەش هۆکارەکەی بۆ نەبوونی نەختینە دەگەڕێنێتەوە.
ئەفسەرێکی خانەنشینی پێشمەرگە، کە لە ساڵی 2022 خانەنشین بووە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لەگەڵ فەرمانی خانەنشینبوونەکەم، فەرمانی فەرمیی خەرجکردنی پاداشتەکەشم هەبوو، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک دینارم وەرنەگرتووە."
ئەو ئەفسەرە دەڵێت، ئەم پاداشتە مافێکی یاساییە و تەنیا بۆ ئەفسەران نییە، بەڵکو هەموو پلەدار و پێشمەرگەیەک دەگرێتەوە کە رەوانەی خانەنشینی دەکرێن، کەچی ئێستا بۆ هەمووان وەستاوە.
بەگوێرەی یاسای ژمارە 38ـی ساڵی 2007ـی یاسای راژە و خانەنشینی پێشمەرگە، هەر پێشمەرگە و ئەفسەر و پلەدارێکی پێشمەرگە لە دوای خانەنشینبوونی، دەبێت پاداشتی کۆتایی راژەی خانەنشینی، مووچەی 12 مانگی بۆ خەرجبکرێت.
فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، بۆ رادیۆی رووداوی راگەیاند: "پاداشتەکە تاوەکو ئاداری ساڵی 2019 خەرج دەکرا. بەڵام لەو کاتەوە بە پاساوی نەبوونی پارە راگیراوە."



