رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی پڵنگانی بێسنوور رەخنە لە بەرەڵڵاکردنی دوو ورچ لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگەی سلێمانی دەگرێت و دەڵێت، ورچەکان ورچی کوردستان و عێراق نین. داوا دەکەن کەس لێیان نزیک نەبێتەوە. گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگە دەڵێت، ورچەکان بەگوێرەی یاسا ئاژەڵە کێوییەکان گەڕێندراونەتەوە نێو سرووشت.
ورچەکان شەوی رابردوو 31ی ئاب لە ناوچە شاخاوییەکانی هەورامان بەرەڵڵی نێو سرووشت کرانەوە. ئەمڕۆ 1ی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگەی سلێمانی لە راگەیێندراوێک رایگەیاند، "ورچەکان نێر و مێ بوون و لەنێو سرووشت و ژینگەی خۆیاندا ئازاد کران".
رێکخراوی پڵنگانی بێسنوور لە هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ئەو دوو ورچە رەشەی لە یاڵانپێ بەرەڵڵا کراون، ورچی سرووشتی کوردستان و عێراق نین، نەدەبوو بە هیچ شێوەیەک لە سرووشتدا ئازاد بکرێن، بەتایبەتی پێش ئەوەی رەچەڵەک، سەرچاوە، تەمەن و تەندروستییان بە شێوەیەکی زانستی پشتڕاست بکرێتەوە".
عەمید هێمن کەمەرخان، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە بەگوێرەی یاسا کار دەکەین، ئەو ورچانە بن یان هەر ئاژەڵێکی کێوی دەستی بەسەردا دەگیرێت، رەوانەی سرووشتی خۆی دەکەینەوە و ئازادی دەکەین".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگەی سلێمانی رایگەیاندووە، ورچەکان لە ناحیەی گەرمک لە سنووری قەزای پێنجوێن لە پارێزگەی سلێمانی لە خانوویەکی چۆڵدا دەستیان بەسەردا گیراوە و رادەستی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کراون.
پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەڵێت، "لەسەر فەرمانی دادوەری دادگەی لێکۆڵینەوەی سەیدسادق و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیمان، لەلایەن مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادقەوە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری بەشەکەیان و بە هاوکاریی مەفرەزەیەکی ئاسایشی خورماڵ و نوێنەری بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خورماڵ، دوای پرس و راوێژکردن و دڵنیابوونەوە توانرا هەردوو ورچەکە بگەڕێندرێنەوە بۆ سرووشتی خۆیان و ئازاد کران".
بەڵام رێکخراوی پڵنگانی بێسنوور رایگەیاندووە: "ئەو بەرپرسانەی بڕیاری ئازادکردنی دوو ورچەکەیان داوە دەبوو بەدەر لە نیەتپاکی و خەمیان، دوورتر بڕوانن و پێش هەر هەنگاوێک پەیوەندی بە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان و پسپۆڕانی پاراستنی ژیانی کێوی و رێکخراوی پسپۆڕیی وەکو (پڵنگانی بێسنوور) بکەن".
رێکخراوەکە راشیگەیاندووە: "ئازادکردنی ئاژەڵێکی قاچاخکراو و نامۆ بە وڵاتەکەمان، لە ژینگەیەکدا کە هی خۆی نییە، تەنیا ئازادکردن نییە؛ دەتوانێت مەترسی بۆ خودی گیاندارەکە و بۆ ژیانی کێویی ناوچەکە دروست بکات، بەوەی کە نێر و مێن، دەبوو دەزگا فەرمییەکان بزانن کە ئەگەری زۆرە بە مەبەستی زاوزێ پێکردن بە قاچاخی هێندرابن".
رێکخراوی پڵنگانی بێسنوور لەبارەی مەترسییەکانی ئەو ئاژەڵەوە ئاماژەی بەوە کردووە: "ئەم جۆرە ورچە بە شێوەیەکی ئاسایی بەدوای مرۆڤدا ناگەڕێت و زۆرجار هەوڵدەدات لە مرۆڤ دوور بکەوێتەوە. بەڵام وەک هەموو ورچێکی کێوی، ئەگەر ترسابێت، گیرابێت، تووڕە کرابێت یان مرۆڤ زۆر لێی نزیک ببێتەوە، دەکرێت مەترسیدار بێت. بۆیە تکایە هیچ کەسێک هەوڵی نزیکبوونەوە، وێنەگرتن لە نزیکەوە، خۆراکدان یان راوەدوونانیان نەدات".
بەگوێرەی رێکخراوەکە، ئەم جۆرە ورچی رەشە ئاسیاییە و لەلایەن IUCNـەوە وەک جۆرێکی Vulnerable (VU) ـ واتە لەبەردەم مەترسی لەناوچوون ـ پۆلێن کراوە و ژمارەیان لە ئاستی جیهانیدا بە گشتی لە کەمبوونەوەدایە.
بە بڕوای ئەو رێکخراوە، پێش ئازادکردنی ورچەکان "رێگەی زانستی ئەوە بووە، سەرەتا سەرچاوە و رەچەڵەکیان دیاری بکرێت. ئەگەر پشتڕاست بکرایەتەوە کە لە ئێرانەوە قاچاخ کراون، دەکرا بە هاوکاریی فەرمی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ژینگەی ئەو وڵاتە بگەڕێندرێنەوە، نەک ئەوەی لە ژینگەیەکدا ئازاد بکرێن، کە ژینگەی سرووشتیی ئەوان نییە".


