رووداو دیجیتاڵ
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی یەکخستنی فەرمی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە گەیشتە کۆتایی و "سەرکەوتنێکی مێژوویییان" تۆمار کرد. گوتیشی بە ئیرادەیەکی نەتەوەییەوە توانیویانە سەرجەم ئاستەنگەکان تێپەڕێنن.
وەزیری پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە "یەکگرتنەوەی پێشمەرگە دەستکەوتی نەتەوەیەکە و هەموومان شانازیی پێوە دەکەین." باسی لەوەش کرد، سەرەڕای هەوڵی ناحەزان بۆ شکستهێنان بە دەستکەوتەکانی کورد، هەوڵی هاوبەشی دامەزراوەکان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، هەروەها سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی سەرۆک بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کرد لە پرۆسەکەدا.
شۆڕش ئیسماعیل ئاماژەی بەوەکرد "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە وەک چەتری کۆکەرەوە و پاڵپشتێکی بەهێزی وەزارەتی پێشمەرگە بووە، لەگەڵ پشتیوانیی بەردەوامی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کە هاوکار بوون بۆ جێبەجێکردنی ئەم چاکسازییە ریشەییە."
دەقی گوتارەکەی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
بەناوی پەروەردگاری میهرەبان
- بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە.
- بەڕێز کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
- بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
- بەڕێزان کاک شێخ جەعفەر و کاک مستەفای سەید قادر، جێگرانی سەرۆکی هەرێم.
- بەڕێز فەریقی یەکەمی ڕوکن عەبدولئەمیر شەمەری، نوێنەری بەڕێز عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
- کونسوڵ، دیپلۆماتکاران و نوێنەرانی وڵاتانی هاوبەش و هاوپەیمانان، راوێژکارانی باڵای سەربازی لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی.
- ئەفسەران، فەرماندە باڵاکان هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئامادەبووانی بەڕێز...
سڵاوی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستانتان ئاڕاستە دەکەم
ئەمڕۆ لە بەردەم ساتەوەختێکی زۆر تایبەت و مێژوویی و پڕ دەستکەوتداین بۆ گەلەکەمان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان. ئەمڕۆ ئەو ڕۆژەیە کە خەونی ئێمە و چەندین نەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و ئاواتی شەهیدانی ڕێگەی ئازادی و داواکاریی رەوای هەموو خەمخۆران و دڵسۆزانی ئەم نیشتمانە دەبێتە واقیعێکی جێگیر و بەهێز و دامەزراو.
بە شانازییەکی زۆرەوە و بە ئەمانەتێکی مێژووییەوە، بە هەموو جیهان و گەلی خۆشەویستی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان ڕادەگەیەنین؛ کە پرۆسەی یەکگرتنەوەی تەواوەتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر چەتری نیشتمانی و سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا بە سەرکەوتوویی و بە شێوازێکی سەردەمیانە کۆتایی هاتووە.
بە گەرمی پیرۆزبایی لە تەواوی خەڵکی کوردستان و جەماوەری بەئەمەک و تاک بە تاکی پێشمەرگە قارەمانەکان لە سەنگەرەکاندا و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی دەکەم. سوپای یەکگرتووی کوردستان سوپای گەل و نیشتمانە، پارێزەری خەڵک و خاکی پیرۆزی کوردستانە.
ئامادەبووانی بەڕیز
سەرخستنی ئەم پرۆسە نیشتمانیی و نەتەوەییە لە ناو هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا، بەرئەنجامی ئیرادەیەکی پۆڵایینی نیشتمانی بوو. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە یەکەم ڕۆژی وەرگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە مێژوویییەوە، بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی باڵا و بە نەخشەڕێگایەکی ورد و ئەکادیمی و سەردەمیانە دەستمان بە پرۆسەی چاکسازی لە ناو هێزەکانی پێشمەرگەدا کرد. هەنگاوە گرنگەکانی ئەم پرۆسەیە لە ساڵانی رابردوو، بە ئاراستەی بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی گەلەکەمان بووە.
بۆ بوونی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو؛ چونکە بڕوای رەهامان وایە کە پێشمەرگە سەرمایەی نەتەوەیی تەواوی خەڵکی کوردستانە، پێویستە ئەم سەرمایە بەنرخە، نیشتمانییە، خاوەن مێژووە، پرشنگدارە بۆ لەمەودوا لە ناو سوپای یەکگرتووی کوردستاندا ڕەنگ بداتەوە; تاوەکو هەمیشە وەک هێزێکی پۆڵاین و یەکگرتوو بۆ پاراستنی خاکی کوردستان بە یەکگرتووی بمێنێتەوە.
رێگای یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، رێگایەکی سەخت، دژوار و پڕ لە ئاڵەنگاری بوو؛ ئێمە رووبەڕووی دەیان و سەدان ئاستەنگی ئاڵۆز بووینەوە، لە کێشە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی رابردووەوە تا دەگاتە گرفت و ئاڵۆزییە سیاسی، ناوچەیی و ئەمنییەکان کە ڕۆژانە لە مەیدانی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانماندا رووبەڕوومان دەبۆوە. بەڵام وەک تیمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو لە وەزارەتی پێشمەرگە، توانیمان سەرجەم بەربەستەکان تێپەڕێنین و سەرکەوتنێکی مێژوویی و دەستکەوتێکی مەزن بۆ گەلی کوردستان تۆمار بکەین.
ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بە هەزاران کاتژمێر کۆبوونەوەی چڕ و بەدواداچوونی بەردەواممان ئەنجامداوە چ لە ناوخۆی وەزارەت و چ لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمانداپێکەوە هاوکار و هەماهەنگ بووین بۆ بەئەنجامگەیاندن و سەرخستنی پرۆسەی یەکخستنەوە و ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.
سەرئەنجام توانیمان سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە چوارچێوەی 11 فیرقەی سەربازی، دوو هێزی پشتیوانی، ئامرییەکی کۆماندۆ و دوو دەڤەری سەربازیدا رێکبخەینەوە.
بەم هەنگاوە مێژووییە، هەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەنی سوپایەکی سەردەمیانە، پیشەیی، یەکگرتوو و نیشتمانی کە تەنیا و تەنیا لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستاندا و یەک بڕیاری سەربازی و یەک فەرماندەییی و کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەرک و فەرمانەکانی رادەپەڕێنێت.
بەڕێزان..
لەو ساتەوەختەی گەلەکەمان لەوپەڕی بێهیوایی و نائومێدیدا بوو، لە ساڵی 1976 کە بووین بە پێشمەرگە و ڕوومان کردە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان و بە شانازییەوە سەنگەری کوردایەتییمان ئاوەدان کردەوە. لەو ڕۆژەوە خەونێکی مەزن و پیرۆزمان هەبوو؛ خەونی سوپایەکی نیشتمانیی یەکگرتوو کە ببێتە قەڵایەکی بەهێز و دڵنیایی بۆ تەواوی خەڵکی کوردستان.
لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەماندا، خەڵکی کوردستان ڕووبارێک خوێنی بەخشیوە؛ سەدان هەزار ڕۆڵەی ئازا و چاونەترس لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوونە قوربانی و گیانی خۆیان فیدای ئازادی کرد، تەنیا بۆ ئەوەی ئازادی کوردستان و یەکگرتوویی هێزی پێشمەرگە بێتە دی و کوردستان ببێتە خاوەنی سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی.
وەک وەزیری پێشمەرگە، کە ئەرکی سەرکردایەتیکردنی ئەم پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەمان لەسەر شان بوو، توانیمان لە ناو هێزی پێشمەرگە و بەتایبەت لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا سەقامگیرییەکی بێسنوور و زەمینەیەکی نیشتمانیی بۆ ئەم دەستکەوتە مێژوویییە بڕەخسێنین. ئەمەش بەرئەنجامی کاری پێکەوەیی و یەک تیمی وەزارەتی گەیاندە ئاستی بەرپرسیارێتی مێژوویی؛ تا بگەینە ئامانجە باڵاکانی پرۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئاشکرایە کە ناحەزان و نەیارانی ئەم دەستکەوتانە زۆرن و چاویان بە یەکگرتوویی گەلەکەمان هەڵنایات؛ بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەم بە ڕوحیەتێکی نیشتمانییەوە، دوور لە ململانێی کەسی، ناوچەیی و حزبی، بە شانازییەوە سەیری ئەم دەستکەوتە پیرۆزانە بکەن و ببنە پشتیوان و پارێزەری سەرسەختی؛ چونکە ئەمە دەستکەوتی تەواوی نەتەوەیەکە و دەبێت ڕۆژ بە رۆژ بەهێزتر و فراوانتر بکرێت، تا ئامانجی زۆر گەورەتری لەسەر بونیاد بنرێت.
پەیامی نیشتمانی و ستراتیژیی ئێمە بۆ جیهان و تەواوی ناوچەکە و عێراقی فیدڕاڵ روون و ئاشکرایە، هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان، نەک تەنها پارێزەری هەرێمەکەمانە، بەڵکو قەڵغانی بەهێزی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پێکەوەژیانی ئاشتییانەیە لە تەواوی عێراق و ناوچەکەدا.
هاوکات، لێرەوە بە رێز و پێزانینێکی قووڵی نەتەوەییەوە، ئاماژە بە رۆڵی باڵا و مێژووییی جەنابی کاک مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی کاک بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەم، کە هەردەم پشتیوانی باڵای من و وەزارەتی پێشمەرگە بوون؛ سوپاسی تایبەتیان دەکەم کە لە تەواوی پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا متمانەی تەواویان پێبەخشیم و دەستکراوەیان کردبووم.
ئیرادەی ڕاستەقینەی سیاسی و بڕیاری مێژووییی ئەوان لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەماندا، کۆڵەکەی سەرەکیی تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و حزبییەکان بوو. خەمخۆری و پاڵپشتیی بەردەوامیان بۆ هێزی پێشمەرگە و داهاتووی کوردستان، لە سەرووی هەموو روانگە و بەرژەوەندی و جیاوازییەکانەوە بوو.
بە پێویستی دەزانم بەوپەڕی رێز و پێزانینەوە، ستایشی رۆڵی کاریگەری بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەم؛ کە بە دیدگایەکی فراوان و ستراتیژی و لە بەرزترین ئاستی بەرپرسیارێتیی نیشتمانییدا، هەمیشە وەک چەتری کۆکەرەوە و پاڵپشت و پشتیوانێکی بەهێزی وەزارەتی پێشمەرگە بووە لە تەواوی قۆناغە سەخت و هەستیارەکاندا.
بە هەمان شێوە، پاڵپشتیی بەردەوامی بەڕێز کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێز کاک قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت؛ سەنگ و پاشخانێکی زۆر بەهێزی ئیداری و یاسایی و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە بوون لە تەواوی پرۆسەکەدا؛ ئیرادە و پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەوان لە کابینەی نۆیەمدا بووە بناغەی سەرەکی بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە سەربازی و کارگێڕییەکان و سەرخستنی ئەم چاکسازییە ڕیشەیی، نیشتمانیی و مێژووییە لە هێزەکانی پێشمەرگەدا.
لەگەڵ هەڵدانەوەی ئەم لاپەڕە زێڕین و نوێیەدا، بە گرنگی دەزانم بەوپەڕی ڕێزەوە ڕۆڵی هاوبەش و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکانمان لەسەروو هەموویانەوە بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و ئیتاڵیا بەرز بنرخێنم.
هاوکارییە بەردەوامەکانی ئەوان و ئامادەییی مەیدانییان لە دیوانی وەزارەت، لیوا و فەوجەکان و بنکەکانی مەشق و کۆلێژە سەربازییەکان و کۆلێژی ئەرکان، بێ ماندووبوون و بەوپەڕی توانایان و شانبەشانی فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لە هەنگاو بە هەنگاوی ئەم دەستکەوتە مێژوویییەدا بەشدار و هاوبەشن.
پاڵپشتییەکانی ئەوان چ لە ڕووی مەشق و ڕاهێنان، ڕاوێژی سەربازی، یان بەهێزکردنی ژێرخانی لۆجیستی و پشتیوانیی دارایی، ڕۆڵێکی یەکلایی کەرەوەی هەبوو لە گەیشتنمان بەم ئامانجە نیشتمانییە.
ئێمە لێرەوە جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی ئەم هاوبەشییە ستراتیژییە دەکەینەوە و داوایان لێدەکەین لەم قۆناغە نوێیەدا، لەسەر ئاستێکی فراوانتر و بەهێزتر بەردەوام بن لە پشتیوانیکردنی سوپای یەکگرتووی کوردستان؛ تاوەکو بتوانین پێکەوە پارێزگاری لە ئاسایش، ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان بکەین.
هیوادارم و دڵنیاشم تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانی خۆشەویست چاوی لەوەیە هەرچی زووە پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە و کابینەی 10ی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، تاوەکو ئەم ئامانجە بەدەستهاتووەی نەتەوەکەمان لە سوپای یەکگرتووی کوردستاندا، لە ڕێگەی پەرلەمان و کابینەی نوێی حکومەتەوە بە دانانی یاسا و ڕێسای پێویست و گرنگ ئەم بناغە پتەو و پۆڵاینەی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستانمان درووستکردووە،بتوانرێت لەسەر دەستی خەڵکی خەمخۆر و دڵسۆز، بە ڕوئیا و ڕۆحیەتێکی نیشتمانییەوە گەشەی پێ بدرێت، تواناکانی بەهێزبکرێت و پێداویستی و ماف و شایستەکانی بۆ دابینبکرێت.لەلای خۆشمانەوە، ئەم ئامانەتە مێژوویی و نەتەوەییە پیرۆزە ڕادەستی کابینەی نوێ دەکەین بۆ ئەوەی بە هەمان روحیەتی نیشتمانییەوە درێژە بە پاراستنی ئەم دەستکەوتە مێژوویییە بدرێت.
لە کۆتاییدا، سوپاسی تیمی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و ئەفسەران و فەرماندە قارەمانەکان دەکەم؛ بە تایبەت سوپاسی برای بەڕێزم کاک عەبدولخالق بابیری، بریکاری وەزارەت دەکەم کە هەمیشە هاوکارێکی ڕاستەقینەی بەڕێوەبردنی ئەم ئەرکە پیرۆزە بووە.
هەروەها سوپاسی برای خۆشەویستم فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم، کە وەک فەرماندەیەکی باڵای مەیدانیی لێهاتوو، خاوەن دیدگای سەربازیی ئەکادیمی و بڕوای نیشتمانی، رۆڵی کاریگەری هەبووە لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.
هەروەها فەریق ڕوکن بەختیار محەمەد ئەمینداری گشتیی و هەردوو برای زۆر بەڕێزم فەریق روکن عومەر صاڵح و فەریق نەجات عەلی، فەرماندەی دەڤەرەکان. سوپاسیان دەکەم و هیواخوازم هەمیشە بەردەوام بن لەسەر ئەم ڕەوت و هەڵوێستە نیشتمانییەی کە هەیانبووە بۆ بونیادنانی سوپای یەکگرتووی کوردستان.
دروود و نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی گەلەکەمان
شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان
سەرکەوتن بۆ هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان
زۆر سوپاس


