رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی هەولێر وردەکاریی نوێ لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆی شاری هەولێری بۆ رووداو ئاشکرا کرد و دەڵێ، تۆمەتبارەکە دوای گەڕانەوەیان لە دادگە و لە کاتی نانی نیوەڕۆدا هێرشی کردووەتە سەر ماڵی خوشکی هاوسەرەکەی و کوشتوویەتی. هەر ئەمشەویش تۆمەتبار دەستگیرکرا.
رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، موقەدەم کیفاح حەسەن، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێشەکە لە نێوان ماڵی خەزوور و زاوایەک بووە، خێزانەکە دانیشتووی قەزای مەخموورن. ئەمڕۆ لە دادگە دانیشتنیان هەبووە و دوای ئەوەی هاتوونەتەوە بۆ نانی نیوەڕۆ، چوونەتە ماڵی کچەکەیان (خوشکی هاوسەری تۆمەتبار)، لەوێ تۆمەتبارەکە دەستڕێژی گوللەی لێکردوون."
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر گوتی، لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا خوشکی هاوسەری تۆمەتبارەکە کوژراوە، هاوسەرەکەی و خەزووریشی بریندار کردووە. گوتیشی: "لێکۆڵینەوە و گەڕان بەدوای تۆمەتباردا بەردەوامە و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی دادگا دەکرێتەوە."
لە لایەکی دیکەوە، سامان سەلمان، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "لە رووداوەکەدا سێ کەس هێندرانە نەخۆشخانە، یەکێکیان کە ئافرەتێک بوو دەستبەجێ گیانی لەدەستدابوو. دوو بریندارەکەی دیکە تەندروستییان تاوەکو رادەیەک جێگیرە بەڵام پێویستییان بە نەشتەرگەری هەیە."
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی هەولێر دەڵێ، باوکی کوژراوەکە ئێستا لە نەخۆشخانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی (ئیمێرجنسی) هەولێر پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، هاوسەری تۆمەتبارەکەش لە نەخۆشخانەی رۆژئاوای هەولێرە.
دوای نزیکەی دوو کاژێر لەم هەواڵەی رووداو، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی 99ی زانکۆ لە شاری هەولێر، هاووڵاتییەک بە دەمانچە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی خەزووری و دەستڕێژی گوللەی لێکردوون.
لە روونکردنەوەکەی پۆلیسدا هاتووە: "لە ئاکامی دەستڕێژەکەدا، خوشکی هاوسەری تۆمەتبار دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هەروەها خەزوور و هاوسەرەکەشی بریندار بوون، دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە، توانیومان لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەین".

_(1).webp&w=3840&q=75)