رووداو دیجیتاڵ
دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێ، بە هاوکاریی خێرخوازێک، دوو ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری (تانکەری ئاو و بارهەڵگری پاککردنەوە)ی بۆ پەرستگەی لالش دابین کرد.
لە راگەیێندراوێکی دەزگاکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی ئاب بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "ئەم هاوکارییە بۆ بەڕێوەبردنی کاروبار و خزمەتگوزارییەکانی پەرستگەی لالش و دابینکردنی پێداویستییەکانییانە".
سەڵاح حەسەن، جێگری بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەخشەرەکە کوردێکی دڵسۆزە و نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، لە دەرەوەی وڵات دەژی و خۆی پێی خۆش بوو هاوکارییەکی هاونیشتمانییانی ئێزدی بکات، ئەوە بوو دواتر پەرستگەی لالشی هەڵبژارد".
سەڵاح حەسەن ئاماژەی بەوە کرد: "وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوئاهەنگی تەواوی بەخشەرەکە بووین، چونکە پارەکە کەمێک کەمیی هەبوو، هەروەها بۆ کڕین و بەخشینەکەیشی هاوکاریی تەواو بووین".
لە راگەیێندراوی دەزگای خێرخوازیی بارزانیدا هاتووە: "ئەم هاوکارییە لە چوارچێوەی بەردەوامیی کارەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە بۆ پشتیوانی لە دامەزراوە و شوێنە ئایینی و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان".


