رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی هۆتێل لالەزار لە سلێمانی دەڵێت، پێنجشەممە دادگەییکردنی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی دەستپێدەکاتەوە.
دانا تەقییەدین، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار و لاهوور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ 30ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادگە بڕیاری دا پێنجشەممە 3ی ئەیلوول دانیشتنی دەستگیرکراوانی لالەزار بەڕێوەبچێت".
دادگەییکردنەکە دەبێتە چوارەمین ئامادەبوونی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی و 3ی ئەیلوول لە دادگەی تاوانەکانی سلێمانی دادگەیی دەکرێن.
دانا تەقییەدین گوتی: "ئەوانەی لە زیندان ماون تاوەکو ئێستا 27 کەسن، تاوەکو ئێستا دوو جار دانیشتنی دادگەیان بەڕێوەچووە، لە یەکەم دانیشتندا، هەرچەندە لاهوور شێخ جەنگی ئامادە بوو، هیچ گوتەیەکی لێ وەرنەگیرا و دانیشتنەکە دواخرا".
لەبارەی چاوەڕوانییان بۆ بڕیاردان لە دۆسیەکەیان لە رۆژی پێنجشەممە، گوتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانی گوتی: "هیچ پێشبینییەک ناکەین، چونکە تاوەکو ئێستا لە دانیشتنەکانی دادگەدا نەتوانراوە بچینە نێو نێوەڕۆکی کەیسەکەوە".
لە 22ـی ئابی 2025، دوای رازینەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەسی دیکە بوو.
لاهوور شێخ جەنگی، یەکەم جار لە 12ی کانوونی دووەمی 2026 برا بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، دوایین جاریش 14ـی مانگی ئایار بوو.

