رووداو- دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی
کارەبای سلێمانی رێنمایی نوێی بۆ بەشداربووانی کارەبا بڵاوکردەوە لەبارەی مەرجەکانی
دانانی سیستمی وزەی خۆر (سۆلار) ئاگاداریان دەکاتەوە کە پێویستە پێش دامەزراندنی سیستمەکە،
پابەندی رێنماییەکانی بەشی کاروباری وزەی بەڕێوەبەرایەتییەکە ببن.
سیروان محەممەد، گوتەبێژی
کارەبای سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت: بەپێی رێنماییەکان، مەرجی سەرەکی بۆ بەستنەوەی
سیستمی سۆلار بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی و هەژمارکردنی کارەبای گەڕاوە(زیادە) ئەوەیە
کە قەبارە و توانای سیستمە سۆلارەکە لە توانای پێوەری کارەبای بەشداربووەکە زیاتر
نەبێت؛ بەپێچەوانەوە سیستمەکە بە تۆڕی گشتییەوە نابەسترێتەوە و کارەبای گەڕاوەشی بۆ
هەژمار ناکرێت.
دیاریکردنی توانای سیستمەکان
بەپێی جۆری پێوەر:
• پێوەری سنگڵ فەیز(Single Phase): توانای سیستمی سۆلارەکە نابێت لە 10 کیلۆوات(50 ئەمپێر)
زیاتر بێت.
• پێوەری سری فەیز(Three Phase): توانای سیستمی سۆلارەکە بۆ هەر فەیزێک نابێت لە 50 کیلۆوات(80
ئەمپێر) تێپەڕبکات.
• پێوەری(C.T): پێویستە تەزووی گەڕاوەی کارەباکە لەو ئەمپێرەی سەر C.T کە دیاریکراوە زیاتر نەبێت.
سنگڵ فەیز کە 220 ڤۆڵت
کارەبا دەدات بۆ هاوبەشی ماڵان بەکاردێت، سری فەیز بۆ کارگە و ئەو شوێنانەیە کە
کارەبایەکی زۆر بەکاردێنن و تەزووەکەی 380 بۆ 400 ڤۆڵت دەبێت.
بەگوێرەی مەرجەکانی بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی کارەبای سلێمانی، هەر هاوبەشێکی ماڵان کە پێوەری (سنگڵ فەیز)ی بۆ بەسترابێت،
بۆی هەیە تاوەکو 50 ئەمپێر کارەبای سۆلاری هەبێت، هەروەها ئەوانەی پێوەری (سری فەیز)یان
بۆ بەسترابێت، بۆ هەر فەیزێک نابێت لە 80 ئەمپێر تێپەڕ بکات کە دەکاتە 240 ئەمپێر.
لەبارەی وەبەرهێنان لە
کەرتی وزەی پاک دا، گوتەبێژی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، کە کۆمەڵێک کارگەی گەورە
داواکارییان پێشکێش کردووە، لەوانە کارگەی چیمەنتۆی دەلتا کە ئێستا 50 مێگاوات سۆلاری
هەیە و داوای 150 مێگاواتی دیکەی کردووە. بەگشتی زیاتر لە 700 مێگاوات داواکاریی لە
رێکاری کارگێڕی دایە بۆ ئەوەی لەلایەن کارگە و پڕۆژەکانەوە دابندرێن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی
کارەبای سلێمانی جەختدەکاتەوە کە جێبەجێکردنی ئەم پێوەرانە بۆ پاراستنی سەلامەتیی
تۆڕی گشتیی کارەبا و رێکخستنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی وزەی بەرهەمهێنراوە بۆ نێو تۆڕەکە.



