رووداو -دیجیتاڵ
بەشداربووانی پڕۆژەی "هەژماری من" لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کەلار، سۆران، چۆمان و سنووری پارێزگای سلێمانی، گلەیی لە پەککەوتنی ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) و نەبوونی پارەی پێویست دەکەن. لە بەرامبەردا، لایەنی پەیوەندیدار جەخت دەکاتەوە کە زۆربەی کێشەکان پەیوەندییان بە شێوازی بەکارهێنان و هەڵەی تەکنیکییەوە هەیە نەک نەبوونی پارە لە نێو ئامێرەکاندا.
سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی، قسەی بۆ بۆ رادیۆی رووداو کرد و تیشکی خستە سەر ئەو گرفتانەی کە رۆژانە ڕووبەڕووی مووچەخۆران دەبێتەوە. ئەو دەڵێت، دوای بەدواداچوونی مەیدانی بۆ چەند لقێکی بانکەکە دەرکەوتووە کە زۆربەی ئامێرەکان پارەیان تێدایە، بەڵام هاونیشتمانییان لە کاتی ڕاکێشانی پارەدا تووشی هەڵەی تەکنیکی دەبن.
سەروەت جاف، ئاماژە بەوە دەکات کە "دەگمەنە ئەی تی ئێمەکانمان پارەی تێدا نەبێت، چونکە ئێمە پێنج تاوەکو شەش ڕۆژ پێشوەخت لەلایەن حکومەتەوە ئاگادار دەکرێینەوە و هەموو ئامێرەکان پڕ دەکرێنەوە." بەپێی گوتەی ئەو، تەنیا 5٪ی ئامێرەکان ئەگەری هەیە لە کاتێکی دیاریکراودا پارەیان تێدا نەمێنێت، کە دەستبەجێ تیمەکانیان بۆ پڕکردنەوەیان رەوانە دەکرێن.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان کە بەڕێوەبەری بانکەکە باسی لێوە دەکات، نەشارەزایی بەشێک لە مووچەخۆرانە لە شێوازی کاراکردنی کارتەکانیان. سەروەت جاف، روونیدەکاتەوە کە زۆرجار بەکارهێنەران کۆدی کاراکردنی کارتەکانیان کە لەڕێگەی نامەی مۆبایلەوە بۆیان دێت، لەگەڵ کۆدی نهێنیی راکێشانی پارە تێکەڵ دەکەن. ئەو دەڵێت: "هەندێک کەس کۆدی کاراکردنیان بۆ هاتووە و وا دەزانن ئەوە کۆدی راکێشانی پارەیە، کاتێک کارتەکەیان کارناکات، وا تێدەگەن ئامێرەکە پارەی تێدا نییە." هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە کۆدی سەرەتایی تەنیا بۆ ماوەی 40 رۆژ کارایە، ئەگەر لەو ماوەیەدا بەکارنەهێنرێت، دەبێت مووچەخۆرەکە سەردانی لقەکانی بانک بکاتەوە.
سەبارەت بە فراوانبوونی پڕۆژەکە، بانکی ئەهلیی عێراقی رایگەیاند، کە گەیشتوونەتە سنوورە دیاریکراوەکەی خۆیان و 300 هەزار هەژماری مووچەیان بۆ فەرمانبەران کردووەتەوە. ئێستا بانکەکە خاوەنی 240 ئامێری ATMـە لە تەواوی هەرێمی کوردستان و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا 60 ئامێری دیکەش جێگیر بکەن و بخرێنە کار. سەروەت جاف، دەڵێت: "رۆژانە خەریکی دانان و جێگیرکردنی ئامێری نوێین و 30 ئامێری تازە لەڕێگەن بۆ ئەوەی لەو ناوچانەی پێویستن دابندرێن."
بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکەکە دان بەوەدا دەنێت کە لە ناوچەکانی سلێمانی، گەرمیان، راپەڕین و هەڵەبجە، ئامێرەکانیان کەمترن بەراورد بە ناوچەکانی دیکە. سەروەت جاف، دەڵێت: "لەو ناوچانە کێشەی کاراکردنی (هەب)ـەکانمان هەبوو، چونکە حکومەت دەڵێت، دەبێت لەو شوێنانە بن کە خۆیان دیارییان دەکەن، لە رابردووشدا دانانی (هەب)ـەکان دواکەوت بۆیە تاڕادەیەک پرۆسەکە دواکەوت."
لە لایەکی دیکەوە، کێشەیەکی تەکنیکی لە نێو ئامێرەکاندا هەیە کە پەیوەندی بە جۆری دراوەکەوە هەیە. ئامێرەکانی ATM خاوەنی چوار کاسێتی جیاوازن بۆ پارە (50 هەزاری، 25 هەزاری، 10 هەزاری و 5 هەزاری). سەروەت جاف، روونیدەکاتەوە کاتێک کاسێتی 50 هەزاری چۆڵ دەبێت، ئامێرەکە پشت بە 25 هەزاری و 10 هەزاری دەبەستێت، بەهۆی زبری و ئەستووریی ئەو دراوانەوە، ئامێرەکە ناتوانێت بڕە پارەیەکی گەورە (بۆ نموونە یەک ملیۆن دینار) بە یەکجار بداتە دەرەوە. ئەو دەڵێت: "لەو کاتانەدا ئامێرەکە وا نیشان دەدات کە پارەی تێدا نییە، بەڵام ئەگەر مووچەخۆرەکە بڕە پارەکە بکاتە دوو یان سێ بەش، ئامێرەکە پارەکەی دەداتێ."



