رووداو دیجیتاڵ
شەوی هەینی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بەهۆی دوو رووداوی هاتووچۆی جیاواز لە جۆرەکانی وەرگەڕان و پێکدادان، ئافرەتێک گیانی لەدەستدا و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون.
سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رووداوی یەکەم لە جۆری وەرگەڕان بووە؛ ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان تیدا بە ئاراستەی قەزای دەربەندیخان رۆیشتووە و لە نزیک گوندی (لەواوان) وەرگەڕاوە. لە ئەنجامدا شۆفێر و دوو سەرنشین کە لەدایکبووی ساڵانی 1989، 2009 و 2020ن، بریندار بوون."
سەبارەت بە رووداوی دووەم، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، لە گوندی (عەلی میر) لە سنووری ناحیەی قۆرەتوو، پێکدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری هۆندا سەنتافێ و تۆیۆتا کراون روویداوە.
بەهۆی ئەو پێکدادانەوە، ئافرەتێک کە لەدایکبووی ساڵی 1963یە و سەرنشینی ئۆتۆمبێلە تۆیۆتاکە بووە، گیانی لەدەستداوە؛ هەروەها سێ کەسی دیکە لەناو هەمان ئۆتۆمبێلدا کە لەدایکبووی ساڵانی 1999 و 1985ن لەگەڵ مێرمنداڵێکی تەمەن 11 ساڵان، بریندار بوون.
هاوکات لە ئۆتۆمبێلە هۆندا سەنتافێکەدا، شۆفێر و سەرنشینێک کە لەدایکبووی ساڵانی 1999 و 2012ن، بریندار بوون.
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاشکرای کرد، سەرجەم بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار کراون بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر. تیمەکانی هاتووچۆش دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هەردوو رووداوەکە کردووە بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتیی روودانیان.



