رووداو دیجیتاڵ
ئەنجامی نوێترین رووپێوی نیشتمانی لە عێراق بۆ پێوانەکردنی کارامەیی خوێندنەوە و نووسین لە قوتابیانی پۆلی سێی سەرەتایی دەریدەخات، 40%ی قوتابیان تەنیا پیتەکان دەناسنەوە، بەبێ ئەوەی لە نێوەڕۆکی ئەو دەقانە تێبگەن کە دەیخوێنن.
راپۆرتەکە ساڵی 2025 لەسەر دوو هەزار قوتابی لە 20 بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە (جگە لە هەرێمی کوردستان)، لەلایەن دەستەی ئامار و وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە ئەنجامدراوە و وردەکاریی کێشە و گرفتە بنەڕەتییەکانی کەرتی فێرکردن لە عێراق دەخاتەڕوو.
خوێندنەوەی بێ تێگەیشتن؛ تەنیا 60% لە دەقەکان تێدەگەن
بەپێی ئامارەکە، قوتابیانی عێراق لە ناسینەوەی دەنگی پیتەکاندا ئاستێکی باشیان هەیە و رێژەی سەرکەوتن 93.9%ـە، بەڵام کێشە گەورەکە لە "تێگەیشتن"دایە، بە جۆرێک تێکڕای خێرایی خوێندنەوەی قوتابیان تەنیا 36.4 وشەیە لە خولەکێکدا، ئەمەش لە خوار ئاستی ستانداردی جیهانییە (کە 60 بۆ 90 وشەیە)؛ هەروەها تەنیا 60.8%ـی قوتابیان توانیویانە لەو دەقانە تێبگەن کە دەیانخوێننەوە.
بەپێی راپۆرتەکە، لە بابەتی "نووسین و داڕشتن"دا رێژەی سەرکەوتنی قوتابیان 52.8% بووە، ئەمەش نیشاندەری لاوازییەکی زۆرە لە کارامەیی دەربڕیندا.
راپۆرتەکە پەیوەندییەکی راستەوخۆ لەنێوان ئاستی زانستیی دایک و باوک و نمرەی منداڵەکان دەردەخات. ئەو قوتابیانەی دایکیان بڕوانامەی ئامادەیی یان بەرزتریان هەیە، 70.2%ـیان پلەی "نایاب"یان بەدەستهێناوە. لە بەرامبەردا ئەو قوتابیانەی دایکیان "بێ بڕوانامەیە"، تەنیا 43.5%ـیان توانیویانە ئاستی نایاب تۆمار بکەن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو منداڵانەی لەژێر چاودێریی "خزم و کەسوکار"دان و دایک و باوکیان لەگەڵ نییە، رێژەی سەرکەوتنیان لە هەندێک تاقیکردنەوەدا 0% بووە و 100%ـیان ئاستی "لاواز"یان تۆمارکردووە.
قەرەباڵخیی پۆلەکان و کورتیی کاتی وانەکان لە قوتابخانە فرە دەوامەکاندا کاریگەریی نەرێنی هەبووە، لە قوتابخانە تاک دەوامەکاندا 58%ـی قوتابیان ئاستی نایابیان هەبووە، بەڵام ئەو قوتابخانانەی دوو دەوامن ئاستی نایاب بۆ 51% دابەزیوە. هەرچی قوتابخانە سێ دەوامییەکانە، ئاستی نایاب تەنیا 34.6% بووە.
ئامارەکان جیاوازییەکی بەرچاوی رەگەزیی نیشان دەدەن؛ کچان لە خوێندنەوەدا رێژەی کارامەییان 61.3% بووە، بەڵام لە کوڕاندا رێژەکە56.3% بووە. بەڵام لە کارامەیی بیرکاری و ژمارەکاندا رێژەکە بەپێچەوانەوەیە، کوڕان بە رێژەی 87.8% پلەی نایابیان هەیە، لە کاتێکدا کچان 81.3%ـیان ئەو ئاستەیان هەیە. لە تاقیکردنەوەی "کۆکردنەوە و لێدەرکردن"دا، تێکڕای خێرایی قوتابیان 10.87 کرداری هەژمارکردن(حیسابی) بووە لە خولەکێکدا.
تەمەنی قوتابی؛ گەورەبوون لەنێو پۆلدا زیانبەخشە
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە "مانەوە لە پۆل" یان درەنگ چوونە قوتابخانە کاریگەریی نەرێنی هەیە:
- ئەو قوتابیانەی تەمەنیان 8 ساڵە، ئاستی سەرکەوتنیان 59.4%ـە.
- ئەو قوتابیانەی تەمەنیان گەیشتووەتە 12 ساڵ و هێشتا لە پۆلی سێیی سەرەتایین، ئاستی سەرکەوتنیان بۆ 46.2% دابەزیوە.
ئاستی لێهاتوویی نایاب؛ کەمتر لە نیوەی قوتابیان "زیرەکن"
سەبارەت بە ئاستی لێهاتوویی و زیرەکیی گشتیی قوتابیان، راپۆرتە شیکارییەکە ئاشکرای دەکات کە تەنیا ژمارەیەکی کەم لە منداڵانی عێراق توانیویانە پلەی "نایاب" لە کارامەییە بنەڕەتییەکاندا بەدەستبهێنن. بەپێی ئامارەکان، لە کارامەیی زمانی عەرەبیدا تەنیا 46.3%ـی قوتابیان و لە کارامەیی بیرکاریدا تەنیا 41.1%ـی قوتابیان لە ئاستی "نایاب"دا بوون.
پێشنیازەکان بۆ چاکسازی؛ "پێویستیی بە 10 هەزار قوتابخانە"
وەزارەتی پەروەردە لەڕێگەی ئەم راپۆرتەوە داوا دەکات، کۆتایی بە سیستمی دوو دەوامی و سێ دەوامی بهێندرێ و باڵەخانەی پێویست دابین بکرێ.
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بۆ رووداو، زیاتر لە 1,000 قوتابخانەی کەرەڤانە و قوڕ لە عێراقدا هەن و بۆ چارەسەرکردنی قەرەباڵخیی پۆلەکان و نەهێشتنی سیستمی چەند دەوامی، پێویستیان بە دروستکردنی 10,000 قوتابخانەی دیکە هەیە.
هەروەها وەزارەتەکە داوا دەکات پەرە بە پڕۆگرامی "خوێندنەوەی خێزان" بدرێ بۆ هاندانی دایکان و باوکان بۆ خوێندنەوە لەگەڵ منداڵەکانیان. لەگەڵ ئەنجامدانی خولی راهێنانی چڕ بۆ مامۆستایانی پۆلەکانی 1 و 2 و 3ـی سەرەتایی لەسەر شێوازی نوێی فێرکردنی دەنگسازی.



