رووداو دیجیتاڵ
رێنماییەکانی وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان بڵاوکرایەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێ، پێویستە دەرچووانی پۆلی 12 بە وردیی رێنماییەکانی وەرگرتن بخوێننەوە و پەلە نەکەن لە پڕکردنەوەی فۆڕمەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 17 ئەیلوولی 2026، د. ئیبراهیم رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی تایبەت لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە رۆژی شەممەوە وەرگرتنی خوێندکار و قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، خوێندکارانی پۆلی 12 دەتوانن سەردانی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان بکەن، بەپێی مەرج و پێوەرەکانی وەرگرتن داوای کورسیی خوێندن بکەن، بۆ ساڵی خوێندنی 2026 - 2027".
د. ئیبراهیم رەشید پەیامێکی ئاڕاستەی خوێندکاران کرد و ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک دەرچووانی پۆلی 12 دەچنە زانکۆ و پەیمانگەکان، پێویستە بە وردیی رێنمایی و مەرجەکانی وەرگرتن بخوێننەوە و پەلە نەکەن لە پڕکردنەوە فۆڕم، بۆ ئەوەی لە بەشی دڵخوازیان وەربگیرێن.
پێوەرەکانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان (2026-2027)
لە بڕگەی یەکەمی رێکارەکاندا هاتووە، قوتابی یاخود خوێندکار، کاتێک فۆڕمی وەرگرتن پێشکێش دەکات مەرج نییە وەربگیرێت، چونکە وەرگرتن بەپێی چەند پێوەرێکی تایبەت و لەسەر بنەمای کێبڕکێی نمرە لەگەڵ خوێندکارانی دیکەدا دەبێت.
هەر بەپێی رێکارەکان، وەرگرتن لە بەشەکان بە سیستم دەبێت، بۆیە خوێندکار تەنیا لە یەک بەشی زانکۆ و پەیمانگەکان مافی وەرگرتنی هەیە.
لە بڕگەی دووەمی رێکارەکاندا هاتووە، کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان 55٪ دەبێت و پێویستە بڕوانامەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکانەوە پەسند کرابێت.
لە بڕگەی سێیەمدا کە تایبەتە بە وەرگرتنی خوێندکاران، تێیدا هاتووە، ناکرێ خوێندکار لە یەک کاتدا لە زانکۆیەکی حکومی و پەیمانگەیەکی تایبەت بخوێنێت، هاوکات ئەگەر لە هەردووکیان وەرگیرابوو پێویستە لە ماوەی 10 رۆژدا دوای راگەیاندنی ناوەکان داوای کشانەوەی دۆسیەکەی لە یەکێکیان بکات.
سەبارەت بە کاتی راگەیاندنی ناوی وەرگیراوان، وەزارەتی خوێندنی باڵا روونی دەکاتەوە و دەڵێ، پێویستە خوێندکار لە ماوەی سێ رۆژدا ناوی خۆی تۆمار بکات و گرێبەست واژۆ بکات، بە پێچەوانەوە زانکۆ و پەیمانگەکە دەتوانن ناوەکەی بسڕنەوە.
دەقی رێنماییەکانی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان



