رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی لە هەولێر، کۆنگرەی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان بکرێ و ناوی پێنج کەس وەک بەربژێر بۆ نەقیبی سەندیکاکە پەسند کراوە.
عەلی نیعمەت، سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کۆنگرەکە سبەی لە هەولێر، کاژێر 09:00ی بەیانی لە هۆتێل رۆتانا بە بەشداریی 211 ئەندام دەست بە کارەکانی دەکات".
بڕیارە ژمارەیەک وەزیر، وەزیری پێشوو و بەرپرسی دیکەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەکەدا بەشدار بن کە پێشتر ئەندازیار بوون.
عەلی نیعمەت گوتیشی: "ناوەندی سەرەکیی سەندیکای ئەندازیاران لە شاری هەولێرە و لقی لە شارەکانی سلێمانی، دهۆک، زاخۆ، سۆران، کەرکووک و مووسڵ هەیە"
لە سلێمانی کارە ئەندازیارییەکان زیاتر لەلایەن یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، وێڕای هەوڵی زۆر، تاوەکو ئێستا سەندیکای ئەندازیاران و یەکێتیی ئەندازیاران نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی رێکخراوێکدا یەکبگرن.
بڕیارە لە کۆنگرەکەی سبەیدا نەقیبی نوێی سەندیکای ئەندازیاران هەڵبژێردرێ. سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکاکە دەڵێت: "پێنج کەس بەربژێرن بۆ وەرگرتنی پۆستی نەقیبی ئەندازیاران".
بەربژێرەکانی پۆستی نەقیبی سەندیکای ئەندازیاران ئەمانەن: عەبدولمەجید شێخانی، سەلاحەدین فەخرەدین، زەردەشت سەرسام، محەممەد تاهیر و حوسێن قادر.
یەکەم کۆنگرەی سەندیکای ئەندازیاران ساڵی 2000 کرا. دوای 26 ساڵ سەندیکاکە دووەم کۆنگرەی خۆی دەبەستێت کە ئێستا 27 هەزار ئەندامی هەیە.



