رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هەرێمی کوردستان پەیامێکی روونی داوەتە عێراق کە "نابێتە پەناگە بۆ هیچ کەسێک کە تۆمەتبار بێت بە کەیسەکانی گەندەڵی؛" هەروەها ئاشکرای دەکات کە لەگەڵ دەستەی دەستپاکیی عێراق لەسەر داڕشتنی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی گرتن و دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵی تۆمەتباران رێککەوتوون.
د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، وردەکاریی سەردانی شاندێکی باڵای دەستەی دەستپاکیی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو و رایگەیاند: "ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکان لەگەڵ دەستەی دەستپاکی عێراق ئەوە بوو کە لە نزیکەوە هاوکار و هاوئاهەنگ بین. ئێمە پەیوەندییەکی بەردەواممان لەگەڵیان هەیە و ئەمجارە باسمان لەوە کرد کە چۆن پەیوەندییەکەمان زیاتر بکەینە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی و لە شێوەی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن."
بە گوتەی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان، دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، بابەتەکە ئاراستەیەکی بەرفراوانتری وەرگرتووە و هەرێمی کوردستان بەشێکی کاریگەر بووە لە جێبەجێکردنی ئەو هەڵمەتە. لەو چوارچێوەیەدا، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دەستپاکیی عێراق بیر لە دانانی "میکانیزمێکی گونجاو" کراوەتەوە بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری و جێبەجێکردنی فەرمانەکانی گرتن لە داهاتوودا.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کرد: "پرۆسەکە بەردەوام دەبێت، بۆیە پێویست بوو میکانیزمێک بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری دابنرێ، بە رێزگرتن لە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان. لە داهاتوودا کۆمەڵێک فەرمانی دەستبەسەراگرتنی موڵک و ماڵ دێتە گۆڕێ و داوایان کرد هاوکارییان بین."
یەکێک لە تەوەرە گرنگەکانی گفتوگۆکان، بابەتی هاوکاریکردنی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بووە لە جێبەجێکردنی فەرمانەکانی گرتن. د. ئەحمەد ئەنوەر گوتی: "وەزارەتی ناوخۆی ئێمە زۆر هاوکار بوو، بەڵام بە هەمان رادە تاوەکو ئێستا هاوکاری لە بەرامبەردا نییە. ئەم بابەتە خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە."
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی، پەیامی سەرەکیی هەرێمی کوردستان لەم کۆبوونەوانەدا ئەوە بووە کە "هەرێمی کوردستان نابێتە پەناگە بۆ هیچ کەسێک کە تۆمەتبار بێت بە کەیسەکانی گەندەڵی؛" ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پەیامە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان و بۆ دەرەوە بووە و بە کردەیی لە رێگەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی گرتن لە چەند هەفتەی رابردوودا سەلمێندراوە.
سەبارەت بە کەیسی گەندەڵی کە پەیوەستە بە بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق، د. ئەحمەد ئەنوەر روونیکردەوە کە قەبارەی کەیسەکە "زۆر زۆر گەورەترە لەوەی راگەیێندراوە و دەگاتە ترلیۆنان دینار." لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی کردەوە کە هیچ فەرمانێکی دەستگیرکردن بۆ هیچ بەرپرسێکی کورد لەو کەیسەدا دەرنەچووە، "چونکە ئەگەر فەرمانێک دەربچێت، دەبێت بۆ ئێمە بنێردرێ تاوەکو جێبەجێی بکەین. هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی هەر فەرمانێک لە قۆناخەکانی داهاتوودا نیشانداوە."
د. ئەحمەد ئەنوەر جەختی لەوە کردەوە کە جیاوازی هەیە لەنێوان ناوهێنان لە کاتی لێکۆڵینەوەکان و دەرچوونی فەرمانی گرتنی فەرمی لەلایەن دادگاوە؛ باسی لەوەشکرد، پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباری سەرەکی بەردەوامە و رەنگە لە داهاتوودا ناوی نوێ ئاشکرا بکرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ فەرمانێکی فەرمی نەگەیشتووەتە دەست هەرێمی کوردستان.
لەبارەی یاسای پاداشتکردنی هەواڵدەران لەسەر کەیسەکانی گەندەڵی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لە عێراقدا یاسایەکی لەو شێوەیە نییە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان یاسایەک هەیە و خەریکی نووسینەوەی رێنماییەکانن بۆ جێبەجێکردنی. بەپێی رێنماییەکان، پاداشتەکە لەو پارەیە دەدرێ کە لە ئەنجامی زانیارییەکانی هەواڵدەرەکەوە بۆ گەنجینەی گشتی دەگەڕێتەوە، نەک لە بودجەی گشتی.


