رووداو دیجیتاڵ
لە گوندی ئەڤریکێی پارێزگای دهۆک، قوتابخانەیەک کە 26 ساڵ لەمەوبەر بۆ 15 ماڵ دروستکرا، ئێستا بووەتە جێگەی خوێندنی 1600 قوتابی و بەهۆی نەبوونی ژووری پێویستەوە گۆڕەپانی قوتابخانەکە کراوەتە کابینە و سێ دەوامی تێدا دەکرێت.
جەمبەلی ئەنوەر، مامۆستا لە قوتابخانەکە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی، "ئەم قوتابخانەیە سەرەتا بۆ 12 ماڵ دروستکرا، بەڵام ئێستا گوندەکە نزیکەی 2600 ماڵی تێدایە. 1700 قوتابی لە قوتابخانەکەمان بە سێ دەوام دەخوێنن. سێ قوتابی لەسەر یەک مێز دادەنیشن و هەموو پۆلەکانیش کابینەن."
کابینەکان نەوەک تەنیا جێگەی پێویستیان تێدا نییە، بەڵکو لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا دەبنە سەرچاوەی کێشەی دیکە. مامۆستا جەمبەلی دەڵێت، "لە وەرزی گەرما لەنێو کابینەکاندا دەسووتێین و لە زستانیشدا زۆر ساردن. کاتێک باران دەبارێ، ئاو دێتە ژوورەوە. خەریکە واز لە مامۆستایەتی دەهێنین، چونکە لەوە زیاتر بەرگە ناگرین. ژووری مامۆستایان بەشێکی کراوەتە کۆگە، بەشێکیشی چایخانەیە."
کێشەی کەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش بەرۆکی قوتابخانەکەی گرتووە؛ 70 مامۆستا تەنیا یەک ئاودەستیان هەیە و 1600 قوتابیش تەنیا شەش ئاودەستیان بۆ دابینکراوە.
دەریا، قوتابیی پۆلی شەشە و دەڵێت، "دوو دڵۆپ باران ببارێت، بەردەم پۆلەکەمان دەبێتە گۆمی ئاو، دەبێت بلۆک دابنێین و بچینە پۆلەکان. هەر وانەیەکمان 30 خولەکە و سێ قوتابی لەسەر یەک مێز دادەنیشین، بەو شێوەیە لە هیچ تێناگەین."
قوتابییەکی پۆلی هەشتیش باس لەوە دەکات، پۆلەکانیان هێندە قەرەباڵخن ناتوانن بە باشی لە وانەکان تێبگەن، بەتایبەت کە هەندێک بابەت قورسن و کاتی وانەکانیش زۆر کەمە. ئەو قوتابییە دەڵێت، "ئاودەستەکانمان کەمن و ئاویان تێدا نییە. کتێبیشمان نییە و تاقیکردنەوە نزیکە، نازانین بێ کتێب چی بکەین."
نزار ساڵح، کەسوکاری یەکێک لە قوتابییەکان، لە(بەرپرسیار)دا ئاماژەی بەوە کرد، "کاتێک یەکێک لەو سێ قوتابییە پەرتووکەکەی دەکاتەوە، ئەوانی دیکە ناتوانن هی خۆیان بکەنەوە."
بەرپرسانی پەروەردەی دهۆک دان بەو کێشەیەدا دەنێن و دەڵێن، تەنیا چارەسەر دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەییە بۆ گوندەکە.
سەگڤان حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک، بە رووداوی گوت، "ئەنجوومەنی گوند ئامادەیی خۆی نیشانداوە پارچە زەوییەکمان بۆ دابین بکات و ئێمەش دەیکەینە پڕۆژە و رێکارە یاساییەکانی بۆ دەگرینەبەر."
نەبیل شنگالی، گوتەبێژی پەروەردەی دهۆک، لە (بەرپرسیار) زانیاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی، "لەسەر راسپاردەی بەڕێوەبەری گشتی، لەگەڵ ئەنجوومەنی گوند کۆبووینەوە و پارچە زەوییەکی 4 دۆنمی لەلایەن خەڵکی گوندەوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی دابینکراوە."
بە گوتەی نەبیل شنگالی، پرۆسەکە پێویستی بە رێکاری کارگێڕی و یاساییە، وەک گۆڕینی رەگەزی زەوییەکە و دانانی پلانی بیناسازی. ئەو بەرپرسە گوتی، "ئێستا کارەکان لە قۆناخی نووسراوە فەرمییەکاندایە. ئەگەر رەزامەندی بدرێت، رەنگە ساڵی داهاتوو کۆمەڵگە پەروەردەییەکە تەواو ببێت."
لە کاتێکدا چارەسەرە بنەڕەتییەکە چاوەڕێی رێکارە کارگێڕییەکان دەکات، زیاتر لە 700 قوتابی دیکەی گوندەکە بۆ خوێندنی پۆلەکانی 10 و 11 و 12 ناچارن روو لە قوتابخانەکانی دەرەوەی گوندەکەیان بکەن و مانگانە بڕی 35 هەزار دینار بۆ کرێی هاتووچۆ بدەن، کە بارگرانییەکی دیکەیە لەسەر شانی خێزانەکانیان.
