رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 14 هەزار مووچەخۆر لە پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمارنەکراون. هۆشداریش دەدات، هەر مووچەخۆرێک تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە خۆی تۆمار نەکات، مەترسیی بڕینی مووچەکەی لەلایەن بەغداوە لەسەرە.
'هەژماری من' دەڵێت، 80 هەزار کارت لە قۆناخی ریزکردنەوە و گەیاندندان لە رێگەی بانکە گشتییەکانەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار مووچەخۆر هەن، کە لە عێراقەوە مووچەکانیان وەردەگرن".
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، 14 هەزار و 246 مووچەخۆر تاوەکو ئێستا خۆیان تۆمار نەکردووە، "ئەمانە مەترسیی بڕینی مووچەکانیان هەیە ئەگەر تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە خۆیان تۆمار نەکەن، چونکە مووچەکانیان لەلایەن بەغداوە دەبڕدرێت."
ئەو سەرچاوەیەی رووداو گوتی: "ئەو مووچەخۆرانەش کە مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، دەبێت هەژماری من پڕبکەنەوە، بەشێکیان پڕیانکردووەتەوە و پڕۆسەکە بۆ ئەوانیش بەردەوامە، کە ژمارەیان نزیکەی 70 هەزار مووچەخۆرە".
پڕۆژەی هەژماری من نوێترین زانیاریی دەربارەی دابەشکردنی کارتە بانکییەکان بۆ سوودمەندان بە تۆڕی میدیایی رووداو دا و رایگەیاند: "لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا، 16 هەزار کارتی بانکی گەیێندراوەتە دەست سوودمەندان، ئێستا 60 هەزار کارت لە بانکە گشتییەکان ئامادەن بۆ وەرگرتن. نزیکەی 80 هەزار کارتی دیکەش لە قۆناخی ریزکردنەوە و گەیاندندان لە رێگەی بانکە گشتییەکانەوە".
پڕۆژەی هەژماری من باسی لەوەکردووە، کورتەنامە (SMS) بۆ هەموو سوودمەندان دەنێردرێت کاتێک کارتەکانیان ئامادە دەبێت، بۆ ئەوەی سەردانی بانکەکان بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە.
17-8-2026، هەژماری من راگەیاندبوو، تاوەکو ئێستا 950 هەزار مووچەخۆر کارتەکانیان دابەشکراوە. بۆ ئاسانکاریی مووچەخۆران، لە زیاتر لە 200 شوێنی جیاواز، 710 ئامێری راکێشانی پارە (ATM) جێگیر کراون.
مەترسیی بڕینی مووچە لەلایەن بەغدا
بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووری کە لە 23-06-2026 بڵاوکراوەتەوە و واژۆی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەسەرە، لە دوایین کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا بڕیار لەبارەی بە بانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران دراوە.
لە نووسراوەکەی وەزارەتی داراییدا هۆشداریی تووند دراوە و هاتووە: "بەپێی بڕیاری حکومەتی فیدراڵ، هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک تاوەکو 31-08-2026 ناوی تۆمارنەکرابێت و کارتی بانکی وەرنەگرتبێتەوە، شایستە داراییەکانی لەلایەن بەغداوە رادەگیرێت و رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت."
پڕۆژەی (هەژماری من) لە ساڵی 2023 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندرا بۆ مۆدێرنکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان و بەهێزکردنی گشتگیری دارایی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.


.webp&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)