رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەپڵیکەیشنێکی نوێ بۆ نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنیی پاسپۆرت کارا کراوە و دەڵێت، ئامانج لەم سیستمە نوێیە بنبڕکردنی ئەو دیاردەیەیە کە تێیدا "بە پارە نۆرە بۆ خەڵک دەگیرا."
عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هاونیشتمانییان دەتوانن لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (عين العراق - چاوی عێراق) نۆرەی دەرهێنان یان نوێکردنەوەی پاسپۆرت بۆ خۆیان و خێزانەکانیان وەربگرن.
سەبارەت بە جیاوازیی ئەم ئەپڵیکەیشنە لەگەڵ سیستمی پێشوو، عەمید سالار گوتی: "پێشتر لە رێگەی ماڵپەڕەوە نۆرە دەگیرا و بەشێک لە عەریزەنووسەکان بە پارە نۆرەیان بۆ خەڵک دەگرت، بەڵام حکومەتی عێراق دەیەوێت بەم ئەپڵیکەیشنە رێگری لەوە بکات، چونکە لێرەدا وێنەی دەموچاو و ژمارە مۆبایل تۆمار دەکرێت و تەنیا کەسەکە بۆ خۆی و ئەندامانی خێزانەکەی دەتوانێت نۆرە بگرێت."
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی جەختی کردەوە کە وەرگرتنی پارە لە بەرامبەر نۆرەی ئەلیکترۆنی "نایاساییە" و داوای لە هاونیشتمانییان کرد ئەگەر خۆیان شارەزای سیستمەکە نین، لە رێگەی کەسێکی نزیکی خێزانەکەیانەوە نۆرە بگرن، نەک پەنا بۆ پارەدان ببەن.
عەمید سالار ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەپڵیکەیشنەکە نوێیە و هەندێک کێشەی "وەستان"ـی هەیە، هەروەها هێشتا زمانی کوردی بۆ زیاد نەکراوە. گوتیشی: "پلانمان هەیە لەگەڵ بەغدا کار بکەین بۆ ئەوەی زمانی کوردی بۆ ئەپڵیکەیشنەکە زیاد بکرێت و کێشە تەکنیکییەکانیش چارەسەر بکرێن."
سیستمەکە چۆن کار دەکات؟
بە پێچەوانەی پێشوو کە هەفتانە تەنیا یەک رۆژ بۆ نۆرەگرتن دەکرایەوە، ئەپڵیکەیشنی (عين العراق) بە بەردەوامی کراوەیە و هاونیشتمانییان دەتوانن رۆژانە نۆرە بگرن.
تەنیا سەرۆکی خێزان دەتوانێت بۆ منداڵەکانی نۆرە بگرێت، چونکە کۆدی سەر کارتی نیشتمانیی خێزانەکە یەکە؛ ناتوانرێت بۆ کەسێکی دەرەوەی خێزان نۆرە بگرێت.
تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرت 91 هەزار دینارە.
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی داوای لە هاونیشتمانییان کرد کە بۆ پێدانی رسووماتەکان سوود لە کارتی بانکیی (هەژماری من) وەربگرن، تاوەکو کارەکانیان خێراتر بەڕێوەبچێت.

.webp&w=3840&q=75)
