رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی پرۆژەی رووناکی، لە کۆی یەک ملیۆن و 450 هەزار کەس کە قەرزی کارەبای پێش پرۆژەی رووناکییان لەسەرە، تاوەکو ئێستا 340 هەزاریان قەرزەکەیان داوەتەوە. کەمتر لە دوو هەفتەش ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ماوەی داشکاندنەکە.
لە 3-8-2026ـەوە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی قەرزی هاوبەشانی کارەبا لە پێش پرۆژەی رووناکی، بە داشکاندنی 50٪ بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ و 75٪ بۆ هاوبەشانی پۆلەکانی پیشەسازی و بازرگانی.
بەپێی ئامارەکانی پرۆژەی رووناکی، لە 3ی ئابەوە تاوەکو ئەمڕۆ 27ی ئاب واتە لە ماوەی 25 رۆژدا 340 هەزار هاوبەش قەرزەکەیان داوەتەوە کە زۆربەیان هاوبەشی پۆلی ماڵان بوون، ئەمەش دەکاتە 23.4٪ی ئەوانەی قەرزی کارەبای پێش پرۆژەی رووناکیان لەسەرە.
بەگوێرەی پرۆژەی رووناکی لە کۆی 340 هەزار کەس کە قەرزیان داوەتەوە، 270 هەزاریان واتە 75٪یان لە رێگەی "ئی-پسوولە"وە پارەکەیان داوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی کارەبا (پێش پرۆژەی رووناکی) زیاتر لە یەک تریلیۆن و 900 ملیار دینارە، نیوەی ئەو قەرزە لەلای هاوبەشانی ماڵانە.
'داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە'
پرۆژەی رووناکی دەڵێت، ئەم داشکاندنە تەنیا بۆ یەکجارە و درێژناکرێتەوە. وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە 3ی ئابی 2026 دەستیپێکردووە و تاوەکو 10ی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت. ئێستا کەمتر لە 20 رۆژ بۆ کۆتاییهاتنی ئەم دەرفەتە ماوە و داوا لە هاوبەشان دەکرێت بەزووترین کات قەرزەکانیان بدەنەوە.
پرۆژەی رووناکی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو داشکاندنەکە تەنیا قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی دەگرێتەوە و پسوولەی مانگانەی کارەبای رووناکی هیچ داشکاندنێک نایگرێتەوە.
پرۆژەی رووناکی هۆشداری دەداتە هاوبەشانی کارەبا و دەڵێت: "دەبێت پسوولەی رووناکی لە ماوەی 50 رۆژدا بدرێت، بەپێچەوانەوە کارەبای هاوبەشەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبڕدرێت."
چارەنووسی ئەو کەسانەی قەرز نادەنەوە
سەبارەت بەو هاوبەشانەی قەرزی پێش پرۆژەی رووناکی نادەنەوە، پرۆژەی رووناکی دەڵێت: "ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا راسپێردراون بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی ماوەی داشکاندن، بڕیار لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەرزە کۆنانە بدەن کە لای هاوبەشان دەمێنێتەوە."
دوو ملیۆن جار ئی پسوولە بەکارهێندراوە
لە سەرەتای مانگی شوباتی ئەم ساڵ پرۆژەی ئی پسوولە راگەیێندرا، کە هاوبەشان دەتوانن لە رێگەی سەکۆکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی پارەی مانگانەی کارەبا یان قەرزی پێشوویان بدەنەوە.
بەگوێرەی داتاکانی پرۆژەی رووناکی لە مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن جار لەلایەن هاوبەشانەوە بەکارهێندراوە و پارەی پێدراوە.
پسوولەی مانگی حەوت
پرۆژەی رووناکی دەستی کردووە بە پسوولەکردنی پارەی مانگی حەوتی کارەبای هاوبەشان. تیمی پرۆژەی رووناکی رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە پسوولەی بەشێک لە هاوبەشان لە ئی پسوولە ئامادەیە و دەتوانن پارە بدەن، هەر ئەمڕۆش بە کورتەنامە ئاگادار دەکرێنەوە.
پرۆژەی رووناکی رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا پسوولەی مانگی حەوت بە هاوبەشەکانی دیکەش ئامادە دەبێت و بە کورتەنامەش ئاگادار دەکرێنەوە.


