رووداو دیجیتاڵ
لە چەند هەفتەی رابردوودا، فێنک ئەحمەد، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی بەرەی گەل و نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی، بە نەشتەرگەرییەک برایەکی لە مردن رزگار کرد.
کەسێکی نزیک لە فێنک ئەحمەد ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "میران ئەحمەدی برای فێنک جەرگی لەکارکەوتبوو، پزیشکانی سلێمانی ئاگاداریان کردینەوە کە لەو دۆخە بمێنێتەوە لە ژیان نامێنێت، فێنک بڕیاری دا هاوکاری بکات".
فێنک ئەحمەد، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، دوای ئەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە حیزبەکە جیابووەوە و بەرەی گەلی دامەزراند، فێنک ئەحمەد یەکێک بوو لە کەسە نزیکەکانی، تەنانەت لە کاتی رووداوەکانی هۆتێل لالەزار لە 22ـی ئابی پار، فێنک ئەحمەد لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگی و هاوڕێکانیان لە هۆتێلی لالەزار دەستگیرکرا.
بە گوتەی ئەو کەسە، دوای ئەوەی پزیشکەکان پشکنینیان بۆ کردوون، ئاماژەیان بەوە کردووە کە فێنک ئەحمەد دەتوانێت بە پێدانی بەشێکی جگەری، میرانی برای رزگار بکات، راستەوخۆ ئامادەیی دەربڕیوە هاوکاری براکەی بکات.
وەکو خزمە نزیکەکەی فێنک ئەحمەد باسی دەکات، "جۆری نەشتەرگەرییەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان نەکراوە و ناچار بوون لە ئێران نەشتەرگەرییەکە بکەن".
بەگوێرەی راپۆرتی پزیشکەکان، نەشتەرگەرییەکە "سەرکەوتوو بووە" و ئێستا تەندروستیی فێنک ئەحمەد و میرانی برای باشە، بەڵام هەردووکیان لەژێر چاودێریی پزیشکدان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، میران ئەحمەدی برای فێنک، دەبێ زیاتر لە ساڵێک لەژێر چاودێریی پزیشکدا بێت و لە ماڵەوە کەرەنتین بکرێت، تاوەکو تەندروستیی ئاسایی دەبێتەوە. هەروەها دۆخی فێنک ئەحمەد باشە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ وەکو پێش نەشتەرگەرییەکە هێزی بۆ نەگەڕاوەتەوە.



