رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "بە هۆکاری سیاسی" رێگری دەکرێت لە هێنانی سێ ئامێری پزیشکی لە بەغداوە بۆ نەخۆشخانەکانی کۆیە و رایگەیاند، بابەتەکە دەباتە بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق. لە بەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە دەڵێ، تاوەکو ئێستا رێگرییان لە هیچ هاوکارییەک نەکردووە و سوپاسی ئەو کەسانەش دەکەن کە هاوکارییان دەکات.
رۆژی یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئاڤێستا یەحیا، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا داوای دابینکردنی سێ ئامێری تەندروستیم کردبوو بۆ قەزای کۆیە، کە بریتی بوون لە ئامێری سیپی، لێزەری شکاندنی بەردی گورچیلە و ئامێری پشکنینی رێژەی ئۆکسجین لە خوێندا؛ رەزامەندیی فەرمیی عێراقیشم بۆ وەرگرتن و تەنیا رێکارەکانی گواستنەوەیان مابوو، بەڵام وا دیارە لایەنە سیاسییەکان لە عێراقەوە بڕیارەکەیان هەڵوەشاندووەتەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق باسی لەوە کرد، رێگریکردنەکە "بە هۆکاری سیاسییە و ناهێڵن بەدەم کێشەکانی کۆیەوە بچین و خزمەتی خەڵکەکە بکەین بەو بیانووەی داواکارییەکەیان رەتکردووەتەوە کە بەشی تەندروستیی کۆیە لەسەر پشکی هەرێمی کوردستانە".
ئاڤێستا یەحیا دەشڵێت: "من بەردەوام دەبم و دەستبەردار نابم، دووبارە نووسراو دەکەمەوە و ئەمجارە بابەتەکە دەگەیێنمە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوەکو ئەو ئامێرانە بۆ شاری کۆیە دابین بکات."
لە بەرامبەردا، هاوکار عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی کۆیە بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەمڕۆ هەر کەس، رێکخراوێک و لایەنێک ویستبێتی هاوکاریمان بکات هەرگیز رەتمان نەکردووەتەوە، بەڵکو پێشوازیمان لێ کردووە؛ پێشتریش چەندین رێکخراو و کەسایەتی هاوکاریی کەرتی تەندروستیی کۆیەیان کردووە و سوپاس و پێزانینمان بۆ هەبووە."
گوتەبێژی تەندروستیی کۆیە گوتیشی: "ئێمە لە هیچ کاتێکدا کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە کە بیەوێت هاوکاریی کەرتی تەندروستیی قەزاکە بکات، سەبارەت بەو ئامێرانەش تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان پێ نەگەیشتووە و رێگریش لە کەس ناکەین خزمەتی هاووڵاتییان بکات."




