رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی فەرمانبەرانی گرێبەست لە هەرێمی کوردستان، دوای سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا دەکەن. ئەندامێکی شاندەکە دەڵێت، سبەی لەگەڵ بەرپرسانی دارایی عێراق کۆدەبنەوە و ئامانجی سەرەکییان دامەزراندنیانە.
دوێنێ شاندێکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لەگەڵ ماکوان جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە؛ دوای کۆبوونەوەکەش شاندەکە چوو بۆ بەغدا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق.
کارۆخ عەبدوڵڵا، یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوێنێ پرسی دامەزراندنی گرێبەستەکانمان تاوتوێ کرد، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە دڵنیایی دا کە هەموو داتاکانیان ناردووە بۆ بەغدا."
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 86 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری گرێبەست هەن، نزیکەی نیوەیان مامۆستای وەزارەتی پەروەردەن و ئەوانی دیکە سەر بە وەزارەتەکانی دیکەن، داواکاریی سەرەکییان دامەزراندنە بە شێوەی هەمیشەیی.
کارۆخ عەبدوڵڵا دەڵێت: "سبەی لە وەزارەتی دارایی عێراق چاومان بە بەرپرسانی ئەو وەزارەتە دەکەوێت و کۆدەبینەوە، هەروەها لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆدەبینەوە و پشتگیریی نووسراوی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندنی گرێبەستەکان دەکەین."
مووچەی گرێبەستەکان تاوەکو ئەمڕۆ لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەدرێت، مانگانە پێویستیان بە زیاتر لە 42 ملیار و 620 ملیۆن دینارە.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بودجە، داتا و زانیاریی خاوەن بڕوانامە باڵاکان، گرێبەستەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و سێ یەکەمەکان نێردراون بۆ بەغدا و داواکراوە لە بودجەی ساڵی داهاتوودا پارەیان بۆ تەرخان بکرێت.
کارۆخ عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی هەموو دیدارەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەو ئاراستەیە دەبێت کە لە یاسای بودجەدا پارەیان بۆ تەرخان بکرێت و بکرێنە هەمیشەیی.


