رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی رۆشنبیری لە شاری هەولێر زیاتر لە مانگ و نیوێکە بەدەست پچڕانی بەردەوامی کارەبای نیشتمانییەوە گیرۆدەن. بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر-2 دەڵێت، کێبڵێکی سەرەکیی وێستگەی دارەتوو سووتاوە و وەزارەتی دارایی تاوەکو ئێستا بودجەی بۆ چاککردنەوەی دابین نەکردووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی (رووداو)، کێشەی کارەبای گەڕەکی رۆشنبیری و دەوروبەری پەیوەندی بە پچڕانی 3 هێڵی سەرەکیی گواستنەوەوە هەیە، ئەمەش وایکردووە هاونیشتمانییان تێچوویەکی زۆر بۆ کارەبای موەلیدە بدەن.
هاونیشتمانییەک: لەم مانگەدا 3 جار پارەی موەلیدەمان داوە
یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکی رۆشنبیری بە رووداوی گوت: "ئەمە سێیەمین جارە لەم مانگەدا پارەی موەلیدە دەدەین، رۆژانە زیاتر لە 10 کاژێر کارەبای موەلیدەمان هەیە. لە کۆی 4 هێڵی کارەبای گەڕەکەکە، تەنیا 1 هێڵ کار دەکات، ئەگەر ئەویش بپچڕێت گەڕەکەکە بە تەواوی تاریک دەبێت."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، چەندین جار بەدواداچوونیان کردووە، بەڵام تەنیا وەڵامێک کە وەریانگرتووە ئەوە بووە "نووسراو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران کراوە" و تاوەکو ئێستا هەنگاوی کردەیی نەنراوە.
ئەندازیار کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر 2، بە رادیۆی رووداوی گوت، "وێستگەی دارەتوو کە سەرچاوەی سەرەکیی گەڕەکەکەیە، یەکێک لە کێبڵە سەرەکییەکانی سووتاوە. ئێمە هەموو رێکارەکانمان جێبەجێ کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی رەزامەندیی لەسەر دابینکردنی بودجەی چاککردنەوەکە نەداوە."
بەڕێوەبەری کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی سووتانی ئەو کێبڵە و مانەوەی تەنیا یەک سەرچاوەی کارەبا، ناتوانن هەردوو محاویلەی وێستگەکە پێکەوە بخەنە کار، چونکە لۆدێکی زۆری دەکەوێتە سەر و دەوەستێت.
12 فیدەر بە "نۆرە" کارەبا وەردەگرن
بە گوتەی ئەندازیار کەمال عەساف، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵ ناچار بووە کارەباکە بکاتە "نۆرە" و فیدەرەکان یەک لە دوای یەک کارەبا وەردەگرن. ئەم کێشەیە تەنیا گەڕەکی رۆشنبیری نەگرتووەتەوە، بەڵکو 12 فیدەر لەسەر وێستگەی دارەتوون کە زۆربەیان بۆ گەڕەکی دارەتوو، رۆشنبیری و دەوروبەری دەگەڕێنەوە و هەموویان بەو سیستەمی نۆرەیە کارەبایان پێدەدرێت.



