رووداو دیجیتاڵ
بەپێی داتاکانی پرۆژەی رووناکی لە کۆی یەک ملیۆن و 450 هەزار کەس کە قەرزی کارەبای پێش پرۆژەی رووناکییان لەسەرە، تەنیا 275 هەزاریان قەرزەکەیان داوەتەوە. کەمتر لە 20 رۆژیش ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ماوەی داشکاندنەکە.
لە 3-8-2026ـەوە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی قەرزی هاوبەشانی کارەبا لە پێش پرۆژەی رووناکی، بە داشکاندنی 50٪ بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ و 75٪ بۆ هاوبەشانی پۆلەکانی پیشەسازی و بازرگانی.
بەپێی ئامارەکانی پرۆژەی رووناکی، لە 3ی ئابەوە تاوەکو 23ی ئاب واتە لە ماوەی 20 رۆژدا 275 هەزار هاوبەش قەرزەکەیان داوەتەوە کە زۆربەیان هاوبەشی پۆلی ماڵان بوون، ئەمەش دەکاتە 18.9٪ی ئەوانەی قەرزی کارەبایان لایە، کە ژمارەیان 1 ملیۆن و 450 هەزار هاوبەشە.
بەگوێرەی پرۆژەی رووناکی لە کۆی 275 کەس کە قەرزیان داوەتەوە، زیاتر لە 200 هەزاریان واتە 75٪یان لە رێگەی "ئی-پسوولە"وە پارەکەیان داوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی کارەبا (پێش پرۆژەی رووناکی) زیاتر لە یەک تریلیۆن و 900 ملیار دینارە، نیوەی ئەو قەرزە لەلای هاوبەشانی ماڵانە.
'داشکاندنەکە درێژ ناکرێتەوە'
پرۆژەی رووناکی دەڵێت، ئەم داشکاندنە تەنیا بۆ یەکجارە و درێژناکرێتەوە. وادەی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە 3ی ئابی 2023 دەستیپێکردووە و تاوەکو 10ی ئەیلوولی 2024 بەردەوام دەبێت. ئێستا کەمتر لە 20 رۆژ بۆ کۆتاییهاتنی ئەم دەرفەتە ماوە و داوا لە هاوبەشان دەکرێت بەزووترین کات قەرزەکانیان بدەنەوە.
پرۆژەی رووناکی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو داشکاندنەکە تەنیا قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی دەگرێتەوە و پسوولەی مانگانەی کارەبای رووناکی هیچ داشکاندنێک نایگرێتەوە.
پرۆژەی رووناکی هۆشداری دەداتە هاوبەشانی کارەبا و دەڵێت: "دەبێت پسوولەی رووناکی لە ماوەی 50 رۆژدا بدرێت، بەپێچەوانەوە کارەبای هاوبەشەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەبڕدرێت."
چارەنووسی ئەو کەسانەی قەرز نادەنەوە
سەبارەت بەو هاوبەشانەی قەرزی پێش پرۆژەی رووناکی نادەنەوە، پرۆژەی رووناکی دەڵێت: "ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی کارەبا راسپێردراون بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی ماوەی داشکاندن، بڕیار لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەرزە کۆنانە بدەن کە لای هاوبەشان دەمێنێتەوە."



