رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری گوندەکانی خەمزە و قولەڕەشی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئاگر کەوتوەتەوە. بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێ، ئاگرەکە لە قۆناخی کۆنترۆڵکردندایە.
ئارام عەلی، گوتەبێژیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی 21ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاگرەکە بە دیوی سیتەک و بە دیاریکراوی لە سنووری گوندەکانی خەمزە و قولەڕەش پەرەی سەندووە، بەڵام نەگەیشتووەتە چیای ئەزمەڕ."
بەگوتەی ئارام عەلی، تیمەکانی تەندروستی و بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە شوێنی رووداوەکەن و بە هاوکاریی خەڵکی خۆبەخشی سنوورەکە سەرقاڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
هەرچەندە ئارام عەلی دەڵێ، تاوەکو ئێستا هۆکار و زیانەکانی ئاگرەکە نەزانراوە و نەخەمڵێندراون. قایمقامی شارباژێر هۆکاری ئاگرەکەی بۆ شۆرتی کارەبا گەڕاندەوە.
بەپێی زانیارییەکانی نزار جەزا، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی، بەهۆی بایەکی بەهێزەوە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە، بەڵام بە هەوڵی بەرگریی شارستانی و خۆبەخشەکان، بەشێکی کۆنترۆڵکراوە.


