رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی پێکدادانی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلێک لە قەزای کفری، گەنجێک بەسەختی بریندار بوو، دوای رەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شەوی رابردوو لە گەڕەکی نەورۆزی شاری کفری، ماتۆڕسکیلێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری جیپ پێکیاندادا، بەهۆی رووداوەکەوە لێخووڕی ماتۆڕسکیلەکە بەسەختی بریندار بوو."
گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، بریندارەکە دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار، بەهۆی ناجێگیریی باری تەندروستییەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراوە، بەڵام لەوێ گیانی لەدەستداوە.
لە ئێستادا تیمەکانی هاتووچۆ هێڵکارییان بۆ شوێنی رووداوەکە ئەنجامداوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکار و شێوازی پێکدادانەکە دەستیپێکردووە.
.png&w=3840&q=75)


