رووداو دیجیتاڵ
ئاگر لە پووش و پاوانی گوندی گۆخڵان لە سنووری قەزای پێنجوێن کەوتووەتەوە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هاونیشتمانییان لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنیدان. لە سنووری شارباژێڕیش ئاگرکەوتنەوە هەبوو و کۆنترۆڵ کرا.
هێمن ئیبراهیم، قایمقامی قەزای پێنجوێن، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاگرەکە لە سنووری گوندی گۆخڵان کەوتووەتەوە. ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی، پۆلیسی دارستان، رێکخراوەکانی ژینگەپارێزی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان لە شوێنی رووداوەکەن و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن."
ئاگرەکە نزیک کاژێر 08:00ی شەو کەوتەوە.
سەبارەت بە سەرچاوەی ئاگرەکە، قایمقامی پێنجوێن ئاماژەی بەوە کرد کە ئاگرەکە لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکردووە و بەهۆی ئەوەی ناوچەکە سنوورییە، پەڕیوەتەوە بۆ نێو خاکی هەرێمی کوردستان.
هێمن ئیبراهیم گوتیشی: "ئاگرەکە رووبەرێکی فراوانی گرتووەتەوە، بەڵام خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. تیمەکانمان لە هەندێک شوێن توانیویانە کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام بەهۆی سەختیی ناوچەکە و فراوانیی ئاگرەکەوە، هەوڵەکان بۆ دامرکاندنەوەی یەکجاری بەردەوامن."
هەر ئەمشەو ئاگر لە سنووری گوندی (واژە)ـی سەر بە قەزای شارباژێڕ کەوتەوە.
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداوی گوت: "ئاگرێک لە پووش و پاوانی گوندی واژە کەوتەوە، بەڵام ئاگرەکە فراوان نەبوو."
بە گوتەی ئارام عەلی، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە زوو ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.


