رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی بەکرەجۆی تازە لە شاری سلێمانی، بەهۆی چاکنەکردنەوەی قیری کۆڵانێک کە بۆ چاککردنی ئاوەڕۆی کۆڵانەکە هەڵکەندراوە، دانیشتووانی ناوچەکە تووشی گرفت بوون. ئەو کۆڵانە کە دەکەوێتە بەرامبەر کتێبخانەی بەکرەجۆی تازە، چەند مانگێکە بە هەڵکەندراوی جێهێڵدراوە و کارەکانی تەواو نەکراون.
دانیشتووانی کۆڵانەکە ئاماژە بەوە دەکەن، دوای ئەوەی ئاوەڕۆی کۆڵانەکە لە ئاداری ئەمساڵ چاککرا، شارەوانی پڕۆژەکەی جێهێشتووە.
وەک دانیشتووانی ناوچەک دەڵێن، کاتێکیش سەردانی شارەوانییان کردووە، پێیان گوتراوە کە "پارە نییە بۆ چاککردنەوەی."
هاونیشتمانییان داوا دەکەن بەر لەوەی وەرزی زستان و بارانبارین دەستپێبکات و دەرگای قوتابخانەکان بکرێتەوە، کۆڵانەکەیان بۆ قیر بکرێتەوە تاوەکو ئاستەنگی هاتووچۆیان بۆ دروستنەبێت.
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، رێکاری تایبەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە هەیە.
زەردەشت رەفیق دەڵێت: "پێویستە هاونیشتمانییان وێنەی کۆڵانەکە بگرن و بە نووسراوێکی فەرمی و داواکارییەک، داواکارییەکەیان ئاراستەی بەشی پڕۆژەکان لە سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی بکەن."
بە گوتەی بەرپرسانی شارەوانی، کێشەکە تەنیا پەیوەندی بە قەیرانی داراییەوە نییە، بەڵکو دەبێت رێکارە کارگێڕییەکان تەواو بکرێن تاوەکو بخرێتە بەرنامەی کارەوە و لەداهاتوودا پلانی بۆ دابنرێت.


