رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر ئامادەکاری دەکات بۆ تیروپشکی دابەشکردنی قۆناخی هەشتەمی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا. سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەڵێت ئەمڕۆ تیروپشکی ئەم قۆناخە دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "بۆ سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر رەزامەندی بۆ 82 هەزار فەرمانبەر وەرگیراوە، لەو ژمارەیەش تاوەکو ئێستا 42 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت."
ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانیی هەولێر تەواو بووە بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو زەوییانەی لە قۆناخی هەشتەم بە فەرمانبەران دەدرێت. رووداو زانیویەتی، زەوییەکانی قۆناخی هەشتەم ژمارەیان 13 هەزار پارچە زەوییە و دەکەوێتە ناوچەی بەرانەتیی نزیک گوندی جەژنیکان.
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 242 کە لە 27ـی ئاداری ساڵی 2024 دەرچووە، هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی و خزمەتیان لە هەشت ساڵ کەمتر نییە، بەگوێرەی رێنماییەکان زەوییان پێ دەدرێت.
رووبەری ئەو زەوییانەی دەدرێتە فەرمانبەران و خانەنشینان 200 مەتر دووجایە.



