رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە کە لەناو باڵەخانەی بانکدا و بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر بەڕێوەبەری بانکی سەیدسادق و برینداری کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە لە رووداوێک لەناو بانکی سەیدسادق، دەستبەجێ مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، بەڕێوەبەری بانکەکە لەلایەن کارمەندێکی خۆیەوە بە چەقۆ هێرشی کراوەتە سەر و بریندار کراوە.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە: "تۆمەتبار (و، ح، ع) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 230 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە."
بەپێی ئەو ماددەیە هەر کەسێک هێرش بکاتە سەر فەرمانبەرێک یان هەر کەسێکی راسپێردراو بە راژەی گشتی، یان ئەنجوومەن یان دەستەیەکی فەرمی لە کاتی بە جێگەیاندنی ئەرکەکەی، سزا دەدرێت بە حەپسکردن بۆ ماوەیەک زیاتر نەبێت لە سێ ساڵ، سزاکە دەبێتە حەپسکردن ئەگەر ببێتە هۆی بریندار بوون یان ئازار گەیاندن.
بنکەی پۆلیسی سەیدسادق پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە رێکخستووە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری هێرشەکە و وردەکارییەکانی رووداوەکە بەردەوامە.

.jpg&w=3840&q=75)
