رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شارەوانیی سێمێل رایدەگەیێنێت، قەزاکە لە قۆناخی گۆڕانکارییەکی گەورەی ئاوەدانکردنەوەدایە و چەندین پرۆژەی رێگەوبان و ژێرخان لە جێبەجێکردندان. دەشڵێت، دە هەزار پارچە زەوی لە سنوورەکە دابەشکراون.
ئەندازیار موحسین عەبدولکەریم، سەرۆکی شارەوانیی سێمێل لە پارێزگای دهۆک، بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "ئێستا کار لەسەر دروستکردنی شەقامێکی سەرەکیی 40 مەتری دەکرێت کە سێمێل بە دهۆکەوە دەبەستێتەوە، هەروەها پردێکی گەورە لە بەرامبەر زانکۆی ئەمریکی دروست دەکرێت کە جەنجاڵی سەر رێگەی سێمێل - دهۆک - زاخۆ کەم دەکاتەوە."
سەبارەت بە گرفتی باراناو و لافاو کە ساڵانە مەترسی بۆ سەر قەزاکە دروست دەکرد، سەرۆکی شارەوانی گوتی: "پرۆژەیەکی گەورەی ئاوەڕۆ بە درێژایی شەش کیلۆمەتر و قووڵایی 12 مەتر لە جێبەجێکردندایە. ئەم پرۆژەیە ئاوی باراناوی ناوچە جیاوازەکان کۆدەکاتەوە و بڕیارە تاوەکو مانگی 10ـی ئەمساڵ تەواو بێت، بەوەش مەترسیی لافاو لە سێمێل نامێنێت."
موحسین عەبدولکەریم ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی دابەشکردنی نزیکەی دە هەزار پارچە زەوی لە ساڵانی رابردوو، ئێستا سێمێل و دهۆک خەریکە تێکەڵی یەکدی دەبن. باسی لەوەش کرد کە پلانیان هەیە سیمای ناو شار بگۆڕن، بە جۆرێک کارگەکانی بلۆک و ناوچە پیشەسازییەکان بۆ دەرەوەی شار بگوازێنەوە و شوێنەکانیان بۆ پرۆژەی نیشتەجێبوون و بازرگانی تەرخان بکەن.
سەرۆکی شارەوانیی سێمێل ئاشکرای کرد کە شوێنی کۆنی سەربڕخانەی قەزاکە دراوەتە وەبەرهێنەر بۆ ئەوەی بیکاتە کۆمەڵگەیەکی مۆدێرنی نیشتەجێبوون (ڤێلا و شوقە)، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانە بۆ مۆدێرنکردنی ناوچەکە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی شایستە بۆ هاونیشتمانییان.
سەرۆکی شارەوانی باسی لە زیادبوونی رێژەی سەوزایی کرد، بەڵام نیگەرانیی خۆی لە کەمیی هێزی کار دەربڕی و گوتی: "پێویستمان بە لانیکەم 100 کارمەندی نوێ هەیە بۆ خزمەتکردنی پارک و باخچەکان، تاوەکو بتوانین ئەو رێژە سەوزاییەی دروستکراوە بیپارێزین."
موحسین عەبدولکەریم جەختی لەوە کردەوە کە شارەوانی بە تووندی رووبەڕووی زێدەڕۆیی (تەجاوز) لەسەر موڵکی گشتی دەبێتەوە و یاسا وەک خۆی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و جێبەجێکردنی پرۆژەکان جێبەجێ دەکات.

