رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە هاونیشتمانییان لە هەولێر و سلێمانی گلەیی لە بەردەستنەبوونی نۆرەی ئەلیکترۆنی بۆ پاسپۆرت دەکەن؛ بەڕێوەبەرانی پاسپۆرتی ئەو دوو پارێزگایەش دەڵێن، هیچ کێشەیەکی تەکنیکی لەئارادا نییە، بەڵکو لۆدێکی زۆر لەسەر سیستەمەکە هەیە و تەنیا لەو دوو شارە رۆژانە مامەڵەی زیاتر لە 1,300 کەس رایی دەکرێت.
عەمید مەریوان عەبدولسەلام، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "گرفتی تەکنیکیمان نییە، بەڵکو داواکارییەکی زۆر لەسەر نۆرە هەیە. هاونیشتمانییان لە سەرەتای هەفتەوە نۆرە دەگرن و هەمووی پڕ دەبێتەوە، بەتایبەت لە وەرزی هاویندا کە خواستی دەرهێنانی پاسپۆرت زیاد دەکات."
بەڕێوەبەری پاسپۆرتی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، لۆدێکی زۆر لەسەر نووسینگەکانی یەک و دووی هەولێر هەیە و رۆژانە لەو دوو نووسینگەیە 700 بۆ 800 پاسپۆرت چاپ دەکرێن، لە کاتێکدا لە نووسینگەکانی سۆران و کۆیە لۆدێکی ئەوتۆ لەسەر سیستەمەکە نییە.
هەمان گرفت لە سلێمانیش هەیە. عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی، دەڵێت لۆدی زۆر هۆکاری نەمانی نۆرەیە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە جگە لە ماڵپەڕی سەرەکی، ماڵپەڕی (عەین عێراق)یش هەیە بۆ نۆرەگرتن، بەڵام زۆربەی خەڵک تەنیا پەنا دەبەنە بەر ماڵپەڕە سەرەکییەکە.
عەمید سالار وردەکاریی مامەڵە رۆژانەکانی ناوەندی سلێمانی بەمشێوەیە خستەڕوو:
300 کەس لە رێگەی نۆرەی ئەلیکترۆنی.
100 کەس لە رێگەی "عەین عێراق".
70 بۆ 80 کەس بەبێ نۆرە (بە پێدانی 50 هەزار دیناری رسومات).
70 کەس لە هاونیشتمانییانی دەرەوەی وڵات، نەخۆش و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی، رۆژانە تەنیا لە ناوەندی شار مامەڵەی زیاتر لە 540 کەس رایی دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ناوەندی شار، زۆرترین لۆد لەسەر رانیەیە و کەمترینیش لەسەر چەمچەماڵە.
بۆچی لۆد زۆرە؟
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ناوەندی هەولێر و سلێمانی رۆژانە مامەڵەی زیاتر لە 1,300 هاونیشتمانی بۆ پاسپۆرت وەردەگیرێت. بەرپرسانی پاسپۆرت هۆکاری ئەم گوشارە زۆرە بۆ گۆڕینی پاسپۆرتە کۆنەکان بۆ پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی دەگێڕنەوە، کە وایکردووە لە وەرزی گەشتوگوزاردا خواستی هاونیشتمانییان بە شێوەیەکی بەرچاو هەڵبکشێت.

.jpg&w=3840&q=75)

