رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، رۆژانە نزیکەی 3.5 ملیۆن لیتر بەنزینی نۆرماڵی 750 دیناری دابەش دەکرێت، بەڵام هێشتا نرخی بەنزینی بازرگانی بەرزە، لە سلێمانی 1200 دینارە و لە هەولێر زیاتر لە 1500 دینار. بازرگانێکی بەنزین دەڵێ، بە کۆ لیتری بە هەزار دینارە و کڕیاری نییە.
بەگوێرەی بەواداچوونی رووداو، ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی لە بەنزینخانەکانی هەولێر و دهۆک لەنێوان 1500 بۆ 1550 دینارە، هەروەها لە سلێمانی 1200 دینارە و نرخی بەنزین لە هەڵەبجە نزیکە لە نرخەکەی سلێمانی.
سەرباز کەریم، گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ 18ـی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی بە کۆ 1000 دینار بۆ 1020 دینارە، بەڵام هیچ خواستی لەسەر نییە و کەس نایکڕێت".
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر دەڵێت: "سێ رۆژە نرخی جۆرەکانی بەنزینی بازرگانی لە بۆرسە نادیارە، لەبەر ئەوەی کەس داوای ناکات، هەمووی لەوە ترسی هەیە دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بەردەوام بێت و کەس پێویستی بە بازرگانی نەمێنێت".
کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، یەکشەممە 16ـی ئاب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، رۆژانە 3 ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەن و دابەشکردن بەردەوام دەبێت.
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشان گوتی: "هەر بەنزینخانەیەک داوای بەنزینی 750 دیناری کردبێت پێی دراوە، ئەوەش هۆکارە کە هیچ بەنزینخانەیەک خواستی لەسەر بەنزینی بازرگانی نەماوە و نرخی نوێی بازرگانی نادیارە".
ئەمڕۆ نرخی لیترێک بەنزینی موحەسەن لە هەولێر 2250 دینارە و سووپەر 2500 دینار. هەروەها لە سلێمانی موحەسەن لیتری بە 1750 دینارە و سووپەر بە 1900 دینار.
لەبارەی بەنزینی سووپەر و موحەسەنەوە وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند: "لەم هەفتەیەدا رێژەیەکی باش هاوردە دەکرێت و نرخی ئەویش دادەبەزێت، نۆرماڵ دابەزێ ئەوانیش دادەبەزن، بەڵام پاڵپشتییەکە تەنیا بۆ بەنزینی نۆرماڵە".
گوتەبێژی گۆڕەپانی سووتەمەنیفرۆشانی هەولێر لەبارەی هۆکاری بەرزیی نرخی بەنزینەوە گوتی: "بە هۆکاری جەنگ لە ناوچەکە و نەکرانەوەی گەرووی هورمز بەنزین کەمە، پێشتر تۆنێک ئارۆ ARO) کورتکراوەی Aromatic Content ) تۆنێک بە 1800 دۆلار هاوردە دەکرا، ئێستا گەیشتووەتە 6000 دۆلار، ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی لەسەر نرخی بەنزینی موحەسەن و سووپەر هەیە".
بە بڕوای سەرباز کەریم، بە بەردەوامبوونی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری، لە رۆژانی داهاتوودا نرخی بەنزینی بازرگانی لە هەموو هەرێمی کوردستان دابەزێت.



