رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە دەڵێ، گرێبەست و لە جێگەدانان راگیراوە. نوێنەرێکی وانەبێژانی لادراو داوا دەکات، حکومەت بە نووسراوی فەرمی داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بکات کار بۆ دامەزراندنیان بکات. سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێ، هەوڵ بۆ دەستپێکردنەوەی دامەزراندن هەیە.
شاباز ناسر، نوێنەری وانەبێژانی لادراو، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو هەوڵێکمان بۆ دامەزراندنمان دا، سەردانی بەغدایشمان کرد، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بەڵێنێکمان پێنەدراوە و ئێمەش لە داوای مافی خۆمان ساردنابینەوە".
شاباز ناسر دەڵێ: "پێشتر لە جێگەدانان بۆ وانەبێژانی گرێبەست هەبوو، کەسێک بە هەر هۆکارێک لە مامۆستایی نەدەما، وانەبێژێکی لادراو دەخرایە جێگەی. ئێستا ئەوەش راگیراوە. فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق بە ئێمەیان گوت، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوامان لێبکات بۆ ئەوەی کاربکەین بۆ دامەزراندن لە یاسای بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق".
بە گوتەی ئەو نوێنەرەی وانەبێژان، لە هەموو ناوچەکان و بەتایبەت گوندەکان، کەمیی مامۆستا دروستبووە بەهۆی خانەنشینبوونەوە و حکومەت پێویستی بە مامۆستای نوێیە.
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "راستە بەهۆی خانەنشینبوونی مامۆستایانەوە لە ناوەندەکانی پەروەردە کەمی مامۆستا دروستبووە، بەڵام دەمانەوێ بە پلانێکی باش و گفتوگۆ رێگە نەدەین هیچ کێشەیەک بۆ خوێندنی ساڵی نوێ دروست ببێت".
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەکرد، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، دامەزراندن راگیراوە؛ هەروەها گرێبەست ناکرێ و لە جێگەدانانیش نەماوە و دەبێ بەو مامۆستایانەی هەن رێگە نەدرێ کێشە بۆ پەروەردە و خوێندن دروستبێت.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەكێتی مامۆستایانی کوردستان، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی داهاتەوە توانای دامەزراندنی مامۆستایانی بە گرێبەست نەماوە، بەڵام ئێمە ئاگادارین کە لە دوو رێگەوە هەوڵ دەدرێ لە بودجەی ساڵی 2027ـی پەرلەمانی عێراقدا پارە بۆ دامەزراندن تەرخان بکرێت".
سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لە بارەی هەوڵەکانەوە گوتی: "لە رێگەی ئەو شاندانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن لە گفتوگۆکاندا داوای دامەزراندن بۆ هەرێمی کوردستان یەکێکە لە داواکانیان؛ هەروەها لەگەڵ تاوتوێکردنی یاسای بودجەدا حکومەت داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات رژد بن لەسەر تەرخانکردنی بودجە بۆ دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان".



