رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خانەنشینبوونی ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەران و دانەنانی جێگرەوە بۆیان، پارک و باخچەکانی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی قەیرانی کەمیی هێزی کار بوونەتەوە. تەنیا لە سلێمانی 100 باخچە هیچ فەرمانبەرێکیان نییە و لە دهۆکیش پارکەکان دەدرێنە کاسبکاران بۆ ئەوەی خزمەتیان بکەن.
هەولێر؛ سەوزایی زیادیکردووە و خزمەتگوزاری کەمبووەتەوە
رەوان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی هەولێر، رۆژی دووشەممە 17ی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەراورد بە رابردوو رێژەی سەوزایی زیادی کردووە، بەڵام بەشێکی زۆری پارکەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە. هۆکاری سەرەکیی کەمیی چاودێریش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە فەرمانبەرە دێرینەکان خانەنشین بوون و حکومەت فەرمانبەری نوێی دانەمەزراندووە."
لە گەورەترین پارکی هەولێریش، فەرمانبەران ناچارن دوو شیفت دەوام بکەن. سامان فەرهەنگ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەڵێت: "گوشاری کار لەسەر فەرمانبەران زۆرە و بەشێکیان خۆبەخشانە دوو شیفت کار دەکەن بۆ ئەوەی نەهێڵن کەمیی هێزی کار کاریگەریی لەسەر جوانیی پارکەکە هەبێت."
سلێمانی؛ 100 باخچە بێ فەرمانبەرن
دۆخەکە لە سلێمانی هێندە سەختە، کە هەندێک باخچە بە فەرمی چۆڵبوون. بەهرۆز رەحیم، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا 100 باخچە لە سلێمانی فەرمانبەریان نییە و تەنیا بە شێوەی 'هەڵمەت' ئاودەدرێن. ساڵانە 35 فەرمانبەرمان خانەنشین دەبن و کەلێنەکە رۆژ بە رۆژ گەورەتر دەبێت."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە سلێمانی 537 باخچە و 7 پارکی گەورە هەن. عەلی حامد، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد، لە دوو ساڵی رابردوودا 20 باخچەی نوێ دروستکراون، بەڵام لە بەرامبەردا 60 فەرمانبەر کەمیکردووە.
لە هەڵەبجە بە 67 باخچە 41 فەرمانبەریان هەیە
لە پارێزگای هەڵەبجە، تەنیا 41 فەرمانبەر بۆ خزمەتکردنی 67 باخچە و دوورگەی ناوەندی تەرخانکراون. سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت: "باخچە هەبووە یەک کەسیشی بەرناکەوێت خزمەتی بکات، ئەمەش گەورەترین بەربەستە لەبەردەم زیادکردنی سەوزایی."
باخچەکانی دهۆک دراونەتە کاسبکاران
لە دهۆکیش شارەوانی پەنای بۆ رێگەیەکی دیکە بردووە. شێروان حەسەن، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی دهۆک دەڵێت، بۆ ئەوەی 157 پارکەکەی دهۆک وشک نەبن، بەشێکیانمان بەکرێ داوەتە کاسبکاران، "ئەوان هەم کاسبیی خۆیانی تێدا دەکەن، هەمیش ئەرکی خزمەتکردن و ئاودانی پارکەکەیان گرتووەتە ئەستۆ."
سەرجەم بەڕێوەبەر و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە رێگەی (رووداو)ـەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە پەلە هێزی کار و فەرمانبەری نوێ بۆ ئەو کەرتە دابین بکات، پێش ئەوەی پارک و باخچەکان بەهۆی بێ خزمەتییەوە روو لە وشکبوون بکەن.


