رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی تەمەن 32 ساڵ کە لە رووداوی تەقینەوەی بووتڵی گاز لە ناحیەی کەلەکچی بریندار ببوو، دوای 9 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بریندارێکی رووداوی تەقینەوەی بووتڵی گازی ماڵێک لە ناحیەی کەلەکچی بەهۆی بەرزیی رێژەی سووتانی جەستەیەوە، گیانی لەدەستدا.
قادر قاسم، کارگێڕی نەخۆشخانەی سووتان و جوانکاری لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای 9 رۆژ مانەوەی لەژێر چاودێری و چارەسەری پزیشکیدا، هاونیشتمانی (شێروان شاکر) تەمەن 32 ساڵ، ئەمڕۆ کاژێر 08:30ی بەیانی بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا."
قادر قاسم گوتیشی: "بەهۆی رووداوەکەوە جەستەی شێروان بەڕێژەی زیاتر لە 70% سووتابوو. سەرەڕاى ئەوەی هەموو چارەسەرە پزیشکییە پێویستەکانی بۆ کرابوو، بەڵام لەبەر ئەوەی ئاگرەکە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کۆئەندامی هەناسەدان و بەشەکانی ناوەوەی جەستەی کردبوو، گیانی لەدەستدا."
رۆژی 4ی ئەم مانگە، لە ناحیەی کەلەکچیی سەر بە قەزای شێخان، بووتڵێکی گازی ماڵان تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج کەس بریندار بوون کە سێیان ئەندامی یەک خێزان بوون. چوار لە بریندارەکان دوای وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی ماڵەوە کرانەوە و تەندروستییان جێگیرە.




.webp&w=3840&q=75)