رووداو دیجیتاڵ
لە کۆنگرەی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب کە لە ئوردن بەڕێوەچوو و 28 وڵات تێیدا بەشداربوون، هەنگوینی هەرێمی کوردستان چوار خەڵاتی زێڕین و زیوینی بەدەستهێنا.
هاوکار محەممەد، یەکێک لەو هەنگەوانانەی لە کۆنگرەکە بەشداریی کردووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 05-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەنگوینی کوردستان چوار خەڵاتی بەدەستهێنا؛ دوو زێڕین و دووی زیوی".
هەنگەوانانی 28 وڵات لە کۆنگرەی یەکێتیی هەنگەوانانی عەرەب لە ئوردن بەشدار بوون، لەنێویاندا 12 کەس لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان کردبوو، کە لە 01ی ئەم مانگە دەستیپێکرد و دوێنێ کۆتایی هات.
هاوکار محەممەد گوتی: "سێ کەسمان هەنگوینمان ناردە پشکنین بۆ سعودیە بۆ پێشبڕکێی کۆنگرەکە، کە بەگشتی 203 نموونەی هەنگوینیان بۆ نێردرابوو، لە ئەنجامدا هەنگوینی کوردستان دوو بڕوانامەی زێڕین و دوو بڕوانامەی زیوییان بەدەستهێنا".
هەنگەوانێک هەنگوینی دەڤەری باڵەکایەتیی بردووە و لە پێشبڕکێکەدا دوو خەڵاتی زێڕین و زیوینی بەدەستهێناوە، هەروەها یەکێک لەو هەنگوینانەی دیکە کە پلەی زێڕینی بەدەستهێناوە هەنگوینی سنووری پارێزگەی سلێمانییە؛ هاوکار محەممەد دەڵێت، ئەویش بە هەنگوینی باڵەکایەتی بەشداری کردووە و بڕوانامەی زیوی بەدەستهێناوە.
هەنگەوانەکان لە کۆنگرەکەدا بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستانەوە، بڕوانامەکانیان نمایش کرد و رایانگەیاند، چوار نموونەیان ناردووە هەر چواریان خەڵاتیان بەدەستهێناوە.
هەنگوینی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، 15 هەزار هەنگەوان ئەم ساڵ هەنگوینیان دەبێت و چاوەڕوان دەکرێت هەنگوینیان بگاتە دوو هێندەی پار و پێویستیان بە هاوردەکردن نەبێت.
بەگوێرەی تۆڕەکە، پار 400 تۆن هەنگوین لە هەرێمی کوردستان هەبووە، ئەم ساڵ پێشبینی دەکرێت بگاتە زیاتر لە دوو هێندە.
800 هەزار پوورەهەنگی سندووقی نوێ و 35 هەزار سەبەتەی کۆنی بەخێوکردنی هەنگ لە هەرێمی کوردستان هەن.
بەگوێرەی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، زۆربەی هەنگوینی هەرێمی کوردستان بەرهەمی سنووری پارێزگەی هەولێرە، پاشان دهۆک و سلێمانی.

