رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە هاونیشتمانیان قەزای خەلیفان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێن، بەبێ ئاگاداریی خۆیان و بە بەکارهێنانی کارتی نیشتمانییەکانیان، سەدان سیمکارت بە ناویانەوە تۆمارکراون و لە شارەکانی عێراق فرۆشراونەتەوە، بەهۆیەوە ئێستا ناویان وەک داواکراو چووەتە سیستەمی ئەمنییەوە؛ قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، بەشێک لە کەیسەکان لە دادگە یەکلاکراونەتەوە.
عومەر نووری، یەکێک لە قوربانییانی ئەو ساختەکارییە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "چەند ساڵێک پێش ئێستا کەسێک بە ناوی دابینکردنی پێداویستی بۆ تیمە وەرزشییەکان، کارتی نیشتمانیی من و دەیان کەسی دیکەی وەرگرت بەو بیانووەی تەنیا سیمکارتەکان ئەکتیڤ دەکات نەک بە ناومانەوە بکرێن، کەچی دواتر دەرکەوت دەیان سیمکارت بە ناوی هەر یەکێکمانەوە کراوە و لە شارەکانی بەغدا، زیقار و کەربەلا فرۆشراون."
ئەو هاووڵاتییە باسی لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەم کارە کرد و گوتی: "لەو شارانە سەرپێچی و کێشە بەو سیمکارتانە کراوە، بۆیە ئێستا ناوم وەک داواکراو لە سیستەمی پۆلیسدا هاتووە؛ ناتوانم بە ئاسانی هاتووچۆ بکەم یان تەنانەت سکاڵاش تۆمار بکەم، خاوەن سکاڵاکانیش لە شارەکانی عێراق داوای ملیۆنان دینار دەکەن تاوەکو لە سکاڵاکانیان خۆشببن. سەرەڕای پێکهێنانی لیژنەش لە وەزارەتی ناوخۆ، کێشەکەمان وەک خۆی ماوەتەوە."
مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەلیفان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەم کێشەیە پەیوەندی بە رابردووەوە هەیە کە سیمکارت لەسەر شەقامەکان بەبێ رێکاری تووند دەفرۆشرا و گوتی: "لەبەر ئەوەی بە فەرمی بەڵگەنامەی ئەو هاووڵاتییانە بەکارهاتووە، کەیسەکان دەبێت لە رێگەی دادگەوە یەکلایی بکرێنەوە؛ ئێستاش بەشی پۆلیسی خەلیفان لەسەرهێڵە و توانراوە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر بکرێن."
قایمقامی خەلیفان داوای لەو هاووڵاتییانە کرد سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەسانە تۆمار بکەن کە فێڵیان لێکردوون، هەروەها دڵنیاییشی دا کە ئێستا بە رێنمایی نوێی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، رێکاری زۆر تووند گیراوەتەبەر و بە هیچ شێوەیەک رێگە بە فرۆشتنی سەرشەقام و بێمۆڵەتی سیمکارت نادرێت.


