رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی خەبات-هەولێر، سێ ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا. تەندروستیی هەولێر دەڵێت، دوو برینداریش لە نەخۆشخانەن و پێویستیان بە چاودێریی چڕە.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویداوە. ئۆتۆمبێلێک لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ هەولێر، دوای دەرچوون لە خەبات وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە سێ ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا.
کەسێکی نزیکی خێزانەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 6 کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکە بوون، سێیان گیانیان لەدەستداوە و سێی دیکەش بریندارن.
وەعد عەبدولکەریم، کەسی نزیکی ئەو خێزانە بە رووداوی راگەیاند، ئەو خێزانە بۆ میوانی چووبوونە موسڵ و بڕیار بوو رۆژی هەینی بچنە عومرە، بەڵام لە رێگەی گەڕانەوەیاندا بۆ هەولێر، ئۆتۆمبێلەکەیان وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە سێ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
باسی لەوەش کرد، بریندارەکان لە نەخۆشخانەی رۆژئاوان لە هەولێر و تەندروستیی یەکێکیان "زۆر خراپە".
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە:
حەنان ستار
مالیک ئەنەس (تەمەنی 6 ساڵ بوو)
ئەسما محەممەد
یونس عەبدولکەریم ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمی ئەو سێ کەسە لە گوندی سێکانی گەورە لە سنووری باشیک سەر بە پارێزگای موسڵ بەخاک سپێردران.
سامان سلێمان، گوتەبێژی تەندروستیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوو بریندار لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوان لە هەولێر، پێویستیان بە چاودێریی چڕ و نەشتەرگەری هەیە.
بە گوتەی سامان سلێمان، بریندارەکان منداڵێکی تەمەن 2 ساڵ و ئەوی دیکەش 11 ساڵانە.
نەقیب دڵشاد، ئەفسەر لە هاتووچۆی هەولێر بە رووداوی گوت، "رووداوەکە نزیک کاژێر 01:00ی شەو بوو، دوای کاژێرێک ئێمە ئاگادارکراینەوە. کاتێک گەیشتینە شوێنەکە، بینیمان ئۆتۆمبێلێک کەوتووەتە نێو دۆڵێکی گەورە"
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، نەقیب دڵشاد باسی لەوەکرد، هیچ کامێرایەک لەو شوێنە نییە و بەڕوونی نازانرێ چۆن بووە، بەڵام قسەی لەگەڵ شۆفێرەکە کردووە و ئەویش گوتوویەتی، "ئۆتۆمبێلێک هاتووەتە پێشمان، بەناچاری خۆم لادا و کەوتمە نێو دۆڵێکەوە".
شوێنی رووداوەکە بەدیاریکراوی دەکەوێتە نزیک کانی قرژاڵە لەسەر رێگەی نێوان هەولێر-خەبات.


