رووداو دیجیتاڵ
بەرێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر دەستبەسەرداگرتنی دوو ئۆتۆمبێلی راگەیاند، کە لەسەر یەکێک لە شەقامەکان پێشبرکێی مەترسیداریان کردووە. گوتەبێژی هاتووچۆی پارێزگاکەش دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دەست بەسەر سەدان ئۆتۆمبێلدا گیراوە، کە پێشبرکێیان کردووە.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، هاتووچۆی هەولێر گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا دوو ئۆتۆمبێل بە خێراییەکی زۆرەوە لەسەر شەقامێکی گشتی پێشبرکێ دەکەن. لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان زۆر نزیک دەبێتەوە لەوەی رووداوی هاتووچۆ دروست بکات.
پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، رێکاری یاسایی بەرامبەر هەردوو شۆفێرەکە دەگیرێتە بەر و سزا دەدرێن.
هێمن ئەمین، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای ئەوەی چەند رۆژێک پێش ئێستا گرتە ڤیدیۆیەک لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە کە دوو ئۆتۆمبێل پێشبرکێ دەکەن، بەدواداچوونمان کرد و توانیمان دەست بەسەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکەدا بگرین."
هێمن ئەمین گوتی: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە سەدان ئۆتۆمبێل لەسەر ئەم بابەتە دەستیان بەسەردا گیراوە. ئێمە لەم رێکارانەمان بەردەوام دەبین و هەوڵەکانمان بۆ رێگریکردن لەم دیاردانە چرتر دەکەینەوە."
دوێنێ هاتووچۆی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باسیان لە کێبرکێی راکێشانی ئۆتۆمبێل بە رەزامەندیی ئەوان دەکرد و رایگەیاند: "هەر کەسێک هەر جۆرە کێبرکێ و نمایشێک لەسەر شەقامەکان بکات، لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت".



