رووداو دیجیتاڵ خراپی و قیرتاونەکردنی رێگەی سەرەکیی گوندی داربەڕوولە لە ناحیەی عەربەت، بووەتە هۆی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتووانەکەی و چۆڵبوونی زۆربەی ناوچەکە. بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانیش ئاماژە بەوە دەکات، دەرخستەی پڕۆژەکە ئامادەیە، بەڵام بەهۆی راگرتنی بودجەی پڕۆژەکانەوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران کارکردن تێیدا راگیراوە. ئارۆ هەرێم، دانیشتووی گوندی داربەڕوولە، لە رادیۆی رووداوەوە گرفتەکانی گوندەکەیانی خستەڕوو و گوتی: "پێشتر زیاتر لە 100 ماڵ لە گوندەکەمان نیشتەجێبوون، بەڵام بەهۆی خراپیی رێگەی سەرەکیی گوندەکە کە درێژییەکەی سێ کیلۆمەترە، زۆربەی خەڵکەکە کۆچیان کردووە و ئێستا تەنیا نزیکەی 20 ماڵ ماونەتەوە." ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2013ـەوە داواکاریی قیرتاوکردنیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و دەرخستەی پڕۆژەکە لە وەزارەتی داراییە و بانگەوازی تەندەرینگی بۆ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی نەکراوە. ئەندازیار محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی، هۆکاری دواکەوتنی پڕۆژەکەی روونکردەوە و بە رادیۆی رووداوی گوت: "ئەو پڕۆژەیە بڕیاربوو بە جێبەجێکردنی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی سلێمانییەوە جێبەجێ بکرایە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خەرجکردنی پارە بۆ هەموو پڕۆژەکان راگیراوە و لەپێشینە دراوە بە دابینکردنی پارەی مووچە، بۆیە پارەی بۆ خەرجنەکراوە و جێبەجێکردنی راگیراوە."
هەواڵە ناوخۆییەکان30-08-2026لە چوارقوڕنە هەورە برووسەکە 30 سەر مەڕی مردار کرد و شوانێکیشی بریندار کرد