رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی سووتەمەنی قایمقامییەتی هەڵەبجە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، دابەشکردنی بەنزین دەکرێتە تاک و جووتی ژمارەی ئۆتۆمبێل.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ 10ـی ئاب بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "لە سبەی سێشەممەوە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومەت، لیتری 750 دیناری بە شێوازی تاک و جووت دابەش دەکرێ. ژمارەی تاک لە بەنزینخانەی سان و ژمارەی جووت لە بەنزینخانەی سەرکۆ دەبێ".
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەموو رۆژێک لە هەردوو بەنزینخانەکە دابەشکردن نابێت و رۆژانە لە یەکێکیان بەنزین دابەش دەکرێ".
قایمقامی هەڵەبجە گوتی: "هەموو رۆژێک بەنزینی 750 دیناری بۆ هەڵەبجە دەنێردرێ، بەڵام بەشی یەک بەنزینخانەیە و هەر رۆژە و دەدرێتە یەکێک لەو بەنزینخانانەی ناویان هاتووە".
ئەمڕۆ لە هەڵەبجە نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە بازرگانی بە هەزار و 350 دینارە.
لە بەشێکی شارەکان بەنزینی 750 دیناری یان بە تاک و جووت دابەش دەکرێ، یان بە کارتی ئەلیکترۆنی، ئەویش بەهۆی کەمیی بڕەکەی. پێش هەڵەبجە، دوێنێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری کرایە تاک و جووتی ژمارەی ئۆتۆمبێل.



