رووداو - هەولێر
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگادار دەکاتەوە دانانی جێگر و راسپاردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژی دامەزراو بە گرێبەست لەسەر داھاتی ناوخۆ راگیراوە و هیچ ناوێک بۆ ئەو مەبەستە بەرز نەکرێتەوە.
بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە ئیمزای د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە و بە ژمارە (9722) لە رێککەوتی (9ی ئابی 2026) ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە، ئاماژە بەوە دراوە، دانانی فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژی دامەزراو بە گرێبەست لەسەر داھاتی ناوخۆ، بە هەموو شێوازەکانییەوە راگیراوە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، کارکردن بەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەردوو بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (269 لە 5ی شوباتی 2025) و (292 لە 15ی تشرینی یەکەمی 2025) دەبێت و ئاماژە بەوەش کراوە کە هیچ ناوێک بۆ سەرۆکایەتیی دیوان بەرز نەکرێتەوە.



