رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، دوای چارەسەرکردنی کێشەی سێ پەمپی سەر هێڵی ئاوی دووکان-سلێمانی، چاوەرێن پشکی ئاوی قەزاکە زیاد بکرێت و کێشەی کەمئاوی چارەسەر بێت. دەشڵێت، ساڵی داهاتوو پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ تەواو دەبێت. دەشڵێت، دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەوەی 21 رۆژ جارێک ئاو بدرێتە خەڵک، 15 بۆ 16 رۆژە.
ئاسۆ بەکر بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند، "پێشتر ئەو سێ ترومپایەی سووتابوو لە پرۆژەی ئاوی دووکان-سلێمانی بە تایبەتی هێڵی دوو، دۆخی چەمچەماڵی خراپتر کردبوو، چونکە ئێمە لە هێڵی دووەوە ئاومان پێدەگات."
ئاسۆ بەکر ئاماژەی بەوەشکرد، "زۆر دڵمان خۆش بوو ئەو سێ ترومپایە چاککرانەوە، چونکە پێشتر دانیشتنێکمان لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی و بە ئامادەبوونی پەرلەمانتارانی ئەم سنوورە کردبوو. کاک بەختیار [بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی] بەڵێنی پێداین لە چاککردنەوەی ئەو ترومپایانە یەکسەر پشکی ئاوی ئێمە زیاد بکرێت."
قایمقامی چەمچەماڵ گوتیشی، "کە ترومپاکان چاککرانەوە، بۆرییەکە شکا. ئەوە زیاتر ئێمە و خەڵکیشى نیگەران کرد. بۆیە ئێستا ئەو بۆرییە چاک بووەتەوە، ئێمە چاوەڕێى ئەوەین لەم شەوەوە ئەو پشکە ئاوەى کە داوامان کردووە بۆمان زیاد بکرێت، بۆ ئەوەى ئێمەش بتوانین هەندێک لەو کێشانە [ـی کەمئاوی] چارەسەر بکەین."
ئەو بەرپرسە رەتیدەکاتەوە 15 بۆ 21 رۆژ جارێک ئاو بدرێتە بەشێک لە گەڕەکەکانی چەمچەماڵ و دەڵێ، "بەپێی ئەو خشتەیەی بەردانەوەی ئاو کە بەرێوەبەرایەتیی ئاوی چەمچەماڵ و شۆڕش بۆ منی دەنێرن، دۆخەکە نەگەیشتووەتە ئەوەی 21 رۆژ جارێک ئاو بدرێتە گەڕەکەکان، بەڵکو گەیشتووەتە 15 بۆ 16 رۆژ."
ئاسۆ بەکر گوتیشی، "لە رووی دابەشکردنی ئاوەوە دۆخمان زۆر خراپ بوو، ئەوەش بەهۆی ترومپاکانی ئاوەوە، بەڵام خۆشبەختانە ئێستا ئەو هێڵە شکاوە چاککراوەتەوە و ترومپاکان دەکەونەوە کار، بەوەش دۆخی ئاوەکەمان بەرەو باشی دەڕوات."
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێ، "ئەو بەڵێنەی لە بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانیمان وەرگرتووە، ئەوەیە کە بڕی ئەو ئاوەی بۆمان دەنێردرێت لە 35 هەزار مەتر سێجاوە بۆ 40 هەزار مەتر سێجا زیادبکرێت."
گوتیشی، "ئەو 35 هەزار مەتر سێجا ئاوە رۆژانە دێتە ناو حەوزی چەمچەماڵەوە و دابەش دەبێت بەسەر حەوزی چەمچەماڵ و شۆرشدا."
ئاسۆ بەکر دەڵێ، "سەرچاوەیەکی دیکەشمان هەیە بۆ دۆخی لەناکاو، پرۆژەیەکمان هەیە پاڵپشتی ئەو بۆرییەی ئاوی دووکان - سلێمانی دەکات. ئەویش پێویستی بە بڕێک پارە بوو بۆ چاککردنەوەی موەلیدە و هەندێک شتی دیکەی. خۆشبەختانە رەزامەندی بۆردی فریاگوزاری چەمچەماڵ وەرگیراوە کە ئەو بودجەیەی بۆ دابین بکرێت و لەم هەفتەیەدا دەست بە چاککردنەوەی دەکرێت."
ئەو بەرپرسەی چەمچەماڵ گوتیشی، رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن لیتر ئاو لە رێگەی تانکەرەوە دابەشدەکەن".
ئاسۆ بەکر، دەلێت، "بە چاککرانەوەی پڕۆژەکەی بۆری ئاوی دووکان-سلێمانی، لە ماوەی شەش بۆ حەوت رۆژدا دەتوانین هاوسەنگیی دابەشکردنی ئاو راست بکەینەوە؛ واتە دەتوانین لە ماوەی 10 رۆژ جارێک ئاو بدەینە هاوبەشان، دواتریش دەتوانین ئەو ماوەیە بکەینە هەشت رۆژ".
قسەکانی ئەو بەرپرسەی چەمچەماڵ ئەمڕۆ یەکشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی کاژێر 11ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشكێشیکرد.
دەربارەی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵیش، قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، "خۆشبەختانە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، لە مانگی رابردوودا کە بە مەیدانی سەردانی پرۆژەکەی کرد، بەڵێنی دا و بە کۆمپانیای جێبەجێکاری گوت، 'هەموو پرۆژەکانی سلێمانی بوەستێت، نابێت پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ بوەستێت. لای من لە پێشینەیە و بە هیچ شێوەیەک لەسەر بودجە و پارە ناهێڵم پەکی بکەوێت."
ئاسۆ بەکر ئاماژەی بەوەشکرد، "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 52%ی کارەکانی پرۆژەکە کراوە، پەمپەکان هێنراون و کۆنکرێتی حەوزەکان لە قۆناخی کۆتاییدایە؛ 10 کیلۆمەتر بۆری هێنراوە و 20 کیلۆمەتری دیکەش بە رێگاوەیە."
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێ، "لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە کە ساڵی داهاتووە، پرۆژەکە تەواو دەبێت و دەبێتە موژدەیەکی خۆش بۆ چەمچەماڵ و تەکیە و شۆرش، کە لەم گرفتی بێئاوییە رزگاریان دەبێت."
بە تەواوبوونی پرۆژەی گۆپتەپە، وەک بەرپرسەکە دەڵێ، "رۆژانە 80 هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ چەمچەماڵ و شۆرش دێت، کە بەشی هەردوو شوێنەکە دەکات و زیادیش دەبێت. ئەو کاتە دوو رۆژ جارێک یان سێ رۆژ جارێک هەموو چەمچەماڵ و شۆڕش ئاو وەردەگرن."


